ئەردۆغان و روحانی رێكدەكەون

لە ماوەكانی رابردوو شەڕەقسەی نێوان بەرپرسانی توركیا و ئێران فراوانتر بووە

K24 - ھەولێر

تەنھا چەند رۆژێك پاش شەڕەقسەی نێوان بەرپرسانی توركیا و ئێران لەبارەی سوریا، عێراق و ناوچە، ئەردۆغان و روحانی لەسەر باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان رێككەوتن.

سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەراوێزی كۆنفرانسی سەرانی رێكخراوی ھاوكاری ئابووری ـ ئێكۆ لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاكستان لەگەڵ ھاوتا ئێرانییەكەی حەسەن روحانی كۆبووەوە.

رویتەرز بڵاوی كردەوە سەرانی ھەردوو وڵات لەسەر باشتركردنی پەیوەندییەكانیان و شەڕی دژی تیرۆر رێكەوتن.

شەڕە قسەی نوێی نێوان بەرپرسانی توركیا و ئێران پاش سەردانێكی سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ سعوودییە ھاتە ئاراوە، ئەویش لە كاتێكدا ھەردوو وڵات بە سەرپەرشتی روسیا ھەوڵی ئاگربەست و دانوستانی نێوان ئۆپۆزسیۆن و رژێمی سوریا دەدەن، بەتایبەتی دانوستانەكانی ئاستانایە.

وەزیری دەرەوەی توركیا مەولوود چاوشئوغلۆ لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بە توندی رەخنەی لە ئێران گرت و بە گرتنەبەری سیاسەتی تایفەگەرانە لە ناوچە تۆمەتباری كرد كە ئامانجیشی لاوازكردنی سعوودییە و بەحرێنە.

ھەر ئەوكات گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەھرام قاسمی لە وەڵامی ئەم لێدوانەی چاوشئوغلۆ گوتی توركیا "لە سەودای خاوی گەڕانەوە بۆ ئیمپراتۆری" دایە و بە "كردەوەكانی وەك دەستێوەردان، نایاسایی، ناڕەوا و پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەكان دەبێتە ھۆی خوێنڕێژی و زیادبوونی ناكۆكی و ناسەقامگیری لە ناوچە".

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە كاردانەوەی لێدوانی بەرپرسانی باڵای توركیا سەبارەت بە رۆڵی ئێران لە ناوچەكە رایگه‌یاند، توركەكان بیركۆڵ و بێ ئه‌مه‌كن، ئه‌وان  لەبیریان چووه‌تەوە بەرپرسانی ئێران شەوی كودەتای سەربازی لە توركیا بۆ پشتیوانی لەوان تا بەرەبەیان نەخەوتن.

راوێژكاری باڵای عەلی خامەنەیی داوای دەركردنی توركیا لە ھەر یەك لە وڵاتانی عێراق و سوریا دەكات. عەلی ئەكبەر ویلایەتی لە كۆنگرەیەكی ھاوبەشی رۆژنامەوانی لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی سوریا بە توندی رەخنەی لە توركیا گرت و گوتی "ئەم وڵاتە بی مۆڵەت و بانگھێشتكردن چووەتە ناو سنووری عێراق و سوریا، یان خۆیان دەردەچن یان لە لایەن خەڵكی ئەم دوو وڵاتەوە دەردەكرێن".

 

سەرۆك كۆماری ئێران حەسەن روحانی و سەرۆك كۆماری توركیا لە پەراوێزی كۆنفرانسی ئێكۆ لە ئیسلام ئاباد، پاكستان، 1 ئاداری 2017 IRNA
سەرۆك كۆماری ئێران حەسەن روحانی و سەرۆك كۆماری توركیا لە پەراوێزی كۆنفرانسی ئێكۆ لە ئیسلام ئاباد، پاكستان، 1 ئاداری 2017 IRNA

سەرۆكی پەرلەمانی سوریا ھەدیە عەباس لە ناوەراستی دووەمی مانگی شوباتی رابردوو بۆ بەشداریكردن لە شەشەمین كۆنفرانسی پشتگیری لە ئینتئفازەی فەڵەستین سەردانی ئێرانی كردبوو و لەگەڵ بەرپرسانی ئەم وڵاتە كۆبووەتەوە.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرله‌مانی ئێران لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24 رايگەیاند تورکیا رۆڵی سەرەکی لە دروستبوونی قەیرانی سوریادا هەبووە و هەربۆیە دەیەوێت تاوانەکە لە ئەستۆی خۆی داماڵێ و خەڵکی دیکەی پێ تۆمەتبار بکات.

ئەردۆغان لەكاتی سەردانەكەی بۆ وڵاتانی كەنداو لە بەحرێن باس لە سیاسەتی "ناسیۆنالیزمی فارس" لە عێراق و سوریای كرد.

ھەرپاش ئەوەی ئەردۆغان و مەولوود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا مانگی شوباتی رابردوو، ئێرانیان بە ھەوڵدان بۆ ناسەقامگیركردنی عێراق و سوریا  و گرتنەبەری سیاسەتی تایفەگەرانە لە ناوچە تۆمەتبار كرد، وەزارەتی دەرەوەی ئێران باڵیۆزی توركیای لە تاران بۆ رونكردنەوە بانگھێشت كرد.

توندتربوونی لێدوانی بەرپرسانی توركیا و ئێران بەرامبەر یەكتر ھاوكاتە لەگەڵ مامەڵەی توندی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان بەرامبەر ئێران، كە بەڵێنی بەرەنگاربوونەی سیاسەتی تاران لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لە عێراقی داوە.

ئێران و توركیا سەرباری تەواوی ناكۆكییەكانیان، پشتگیری روسیا دەكەن بۆ سەرخستنی دانوستانەكانی نێوان رژێم و ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە ئەستانای پایتەختی كەزاخستان و بڕیارە بەم زووانە خولێكی نوێی دانوستانەكانی ئەستانا دەستپێبكات.

JS