ھێزەكانی سوریای دیموكرات ھەندێ گوند رادەستی ھێزەكانی رژێم دەكەن

بۆ خۆپاراستنە لە شەڕ لەگەڵ گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا

K24 - ھەولێر

ھێزەكانی سوریای دیموكرات بۆ خۆپاراستن لە شەڕ لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا، ھەندێ گوند لە رۆژئاوای منبج رادەستی ھێزەكانی حكومەتی سوریا دەكات.

رۆیتەرز بڵاوی كردەوە رادەستكردنی ئەو گوندانەی كەوتوونەتە نێوان گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە توركیا و ھێزەكانی ھاوپەیمانی ئەمریكا بە حكومەتی سوریا لە چوارچێوەی رێكەوتنێكی بە سەرپەرشتی روسیا بووە.

سەرچاوەیەك لە ھاوپەیمانی ئەمریكا لەمبارەوە گوتی ئەو گوندانە لە رۆژئاوای منبج ھەڵكەوتوون و لە رۆژانی رابردوو گوڕەپانی شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی سەر بە توركیا و ئەنجومەنی سەربازی منبج بوو.

بڵاوبوونەوەی ھەواڵی رادەستكردنی ئەو گوندانە پاش ئەوە دێت فڕۆكەكانی روسیا و سوریا ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ھێزەكانی سوریای ھاوپەیمانی ئەمریكایان بۆردومان كرد.

 رویتەرز بڵاوی كردەوە جەنەراڵ ستیفێن تاونسێند فەرماندەی ھێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بە پێنتاگۆنی راگەیاند "رۆژی سێشەممەی رابردوو فرۆكەكانی روسیا و رژێمی سوریا ھەندێ گوندیان بۆردومانكردووە، كە پێم وایە وایانزانیوە ژێر كۆنترۆڵی داعشدان، بەڵام لە راستیدا لە ژێر دەسەڵاتی ھێزەكانی ھاوپەیمانی عەرەبی سوریادان و قوربانیشی ھەبووە".

بەڵام وەزارەتی بەرگری ئەم وڵاتە رەتیكردەوە فڕۆكەكانی روسیا یان سوریا ھێرشیان كردبێتە سەر ناوچەكانی ھاوپەیمانی عەرەبی سوریا كە لە لایەن ئەمریكاوە پشتگیری دەكرێت.

JS