قایمقامی شنگال: قبووڵ ناكەین ھێزێك لە دەرەوەی عێراق بێت لە شنگال حوكم بكات

"بەھۆی بوونی ھێزەكانی پەكەكە خەڵكی شنگال ناتوانێ بگەڕێنەوە سەرماڵ و حاڵی خۆیان"
kurdistan24.net

K24 - شنگال

قایمقامی شنگال لەبارەی ئاڵۆزییەكانی ئەمڕۆی سنووری شنگال لە نێوان ھێزەكانی (یەبەشە) سەر بە پەكەكە و ھێزی پێشمەرگەی رۆژئاوا لە نزیک کۆمەڵگەی خانسۆری سەر بە ناحیەی سنوونێ رایگەیاند: "قبووڵ ناكەین ھێزێك لە دەرەوەی عێراق بێت لە شنگال حوكم بكات".

مه‌حما خه‌لیل، قایمقامی شنگال لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 گوتی: "ھاتنی پێشمەرگەكانی رۆژئاوای كوردستان بۆ سنوونێ بە مەبەستی پاراستنی ناوچەكەیە".

گوتیشی: "چەندین جار داوامان كردووە ئەو ھێزەی لە شنگالە بەناوی (یەبەشە) ھێزێكی نا یاساییە و با ئێرە جێ بھێڵن، چونكە لە بەرژەوەندی خەڵكی شنگال و ناوچەكەدانییە لەشنگال بمێننەوە، ھەروەھا چەندین پێشێلكاریان بەرامبەر خەڵكی شنگال كردووە، بەھۆی بوونی ئەو ھێزە خەڵكی شنگال ناتوانێ بگەڕێنەوە سەرماڵ و حاڵی خۆیان".