سوید سیستەمی سەربازگیریی ناچاری جێبەجێ دەكات

شەش ساڵە بە سیستەمی سەربازگیریی خۆبەخش كار دەكات

K24 - ھەولێر

حكومەتی چەپگرای سوید سیستەمی سەربازگیریی ناچاری بەسەر ژنان و پیاوان دەسەپێنێت, شەش ساڵ پاش ئەوەی كاری پێنەدەكرد.

وەزیری بەرگری سوید ھۆكاری دووبارە جێبەجێكردنی ئەو سیستەمە بۆ خراپی رەوشی ئەمنی لە ئەوروپا و دەوروبەری سوید گەڕاندەوە.

پیتێر ھۆلتكڤیست بۆ ئەوە ئاماژە بە پەیوەستكردنی نیمچەدوورگەی كریم بە روسیا لە ساڵی 2014 كرد.

سوید ھەرچەندە ئەندامی ناتۆ نییە، بەڵام  لە ئەیلولی رابردوو ھێزەكانی لە دوورگەی گوتلەند لە دەریات بالتیك جێگیر كرد.

حكومەتی سوید پێی وایە سیستەمی سەربازگیریی خۆبەخش ناتوانێ ھێزی پێویست بۆ وڵاتەكەی دابین بكات، ھەربۆیە لە پێناو ئامادەكاری سەربازی، پێویستیان بە دووبارە چالاك كردنی سیستەمی سەربازگیریی ناچاری ھەیە.

چەندین جار فڕۆكە جەنگییەكانی روسیا سنووری ھەوایی ناوچەی بالتیكیان پێشێل كردووە. سەرباری ئەوەی كە ھێزێكی زۆر لەو بەری دەریای بالتیك كۆ كردووەتەوە.

ھێزی سەربازی سوید 20 ھەزار سەربازی ھەیە، 84% لەوان پیاون و 16% دیكە ژنن.

ھێزە چەكدارەكانی سوید پێویستی بە 7 ھەزار سەربازی یەدەك ھەیە.

بە پێی ئەو سیستەمە نوێیە 4 ھەزار كەسی دیكە دەبنە سەرباز كە تەمەنیان 18 ساڵە و بڕیارە لە سەرەتای مانگی تەموزی ئایندە جێبەجێ بكرێت.

حكومەتی سوید خۆی بە پارێزەری مافی ژنان دەزانێت و "سەربازگیری ناچاری بە شێوەیەكی یەكسان نێوان پیاوان و ژنان جێبەجێ دەكات".

سەرچاوە:  Skynews

JS