ئەمریكا ھەڵوێستی خۆی لەبارەی منبج رادەگەیەنێت

لە رێككەوتنی نێوان ئەنجومەنی سەربازی منبج و ھێزەكانی رژێم ئاگادار كراوین و دەشزانین زریپۆشی رژیم و روسیا پاسەوانیی کاروانێكی ھاوکاری مرۆییان بۆ ناو منبج كردووە

K24 - ھەولێر

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) ئاگاداری خۆی لە چوونی ئۆتۆمبێڵی زریپۆشی رژیمی سوریا و سوپای روسیا بۆ منبج رادەگەیەنێت و دەڵێت پاسەوانیی کاروانی ھاوکاری مرۆییان بۆ ناو منبج كردووە.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا جێف دەیڤیس لەمبارەوە  لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی گوتی: "ھەستمان بەوە کرد لەگەڵ کاروانی ھاوکاری مرۆیی بۆ منبج کە لەلایەن رژێمی سووریا و رووسیا دابینکراوە، ئۆتۆمبێڵی زریپۆشیش ھەیە".

دەیڤیس پێداگری لەسەر گرنگیدانی ھەموو لایەك بە شەڕی دژی داعش كرد و گوتی "دەمانەوێت ھەموو لایەنەکان پێداگری لەسەر بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بکەن".

ئەنجومەنی سەربازی منبج سەر بە ھێزەكانی سوریا دیموكرات بۆ خۆپاراستن لە شەڕ لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا، ھەندێ گوند لە رۆژئاوای منبج رادەستی ھێزەكانی حكومەتی سوریای كرد، بەتایبەتی ئەو گوندانەی لە ماوەكانی رابردوو گۆڕەپانی شەڕ و پێكدادان بوون.

رۆیتەرز بڵاوی كردەوە رادەستكردنی ئەو گوندانەی كەوتوونەتە نێوان گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە توركیا و ھێزەكانی ھاوپەیمانی ئەمریكا بە حكومەتی سوریا لە چوارچێوەی رێكەوتنێكی بە سەرپەرشتی روسیا بووە.

گوتەبیژی پنتاگۆن لەمبارەوە گوتی "ئەوان پێشتر ئاگاداری بوون یان نەبوونی ھیچ رێککەوتنێک نەبوون لە نێوان ئەنجومەنی سەربازیی منبج کە سەر بە ھێزەکانی سوریای دیموکراتە لەگەڵ ھێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەد".

 لەبارەی پشتگیری یان دژایەتی ئەمریكا لەبارەی ئەم رێككەوتنە ئاماژەی بەوەدا ئەوان بەشێک نین لە جموجۆڵی ناوچەکە و ئەم پرسە پەیوەندی بە پاڵپشتی كردن یان نەكردن نییە. ئێمە تەنھا پێداگری لەسەر بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەكەن".

دەیڤیس لەبارەی چۆنییەتی ئاگاداربوونی ئەمریكا لەم رێككەوتنە گوتی رووسیا لەبارەی جیاکردنەوەی ھێزەکان زانیاری بە ئێمە داوە، "ئەوە بۆ ئێمە سوپرایز نەبوو. چونکە نموونەیەکە لەسەر دروستکردنی ھیڵی جیاکردنەوەی ئارام و ھیچ شتێکی ئێمەی لەناوچەکەدا نەگۆڕیوە".

رێككەوتنی نێوان ئەنجومەنی سەربازی منبج و ھێزەكانی رژێم پاش ئەوە ھات كە گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا نزیك لە توركیا بەرەو شاری منبج جوڵەیان پێكرا و توركیاش لە لایەن خۆیەوە ھۆشداریدا ئەگەر یەپەگە لە منبج نەكشێتەوە ھێرش دەكەینە سەری.

JS