پەدەكەسە بەیاننامەیەك بڵاودەكاتەوە

ھێرشیان كردووەتە سەر نووسینگەی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی و ھەوڵیاندا دەرگاكانی بشكێنن و ئاڵای كوردستان بسوتێنن

K24 - ھەولێر

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ سوریا (پەدەكەسە) لە بەیاننامەیەكدا گرتن و ھەڕەشەكردن لە ئەندامانی لە لایەن ھێزەكانی پەیەدە لە رۆژئاوای كوردستان شەرمەزار دەكات و داوای كۆتاییھێنان بەو مامەڵەیە بەرامبەر كادر و ئەندامانی دەكات كە زیانی بۆ پرسی كورد ھەیە.

مەكتەبی سیاسی پەدەكەسە لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی بەوە داوە "گرووپێك لە چەكدارانی سەر بە پەیەدە، محەمەد عەلی ئیبراھیم ناسیار بە باڤێ نادۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان – سوریایان لە كاتی رویشتن بۆ تازییەیەك لە گوندی بانەقەسر لە دێرك رفاند و ھێناویانە گوندی بانە شكەفت نزیك لە سنووری ھەرێمی كوردستان و ھەڕەشەیان لێكردووە وڵاتەكەی بەجێ بھێلێت".

ھەروەھا باس لەوەش دەكات " لە شاری دربەسیە ھێرشیان كردووەتە سەر نووسینگەی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی و ھەوڵیاندا دەرگاكانی بشكێنن و ئاڵای كوردستان بسوتێنن و لە عامودە و تربەسپیش كردەوەی ھاوشێوەیان ئەنجامدا".

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ سوریا بە شەرمەزار كردنی ئەو كردەوانە و مامەڵەی خراپی دەسەڵاتی رۆژئاوای كوردستان بەرامبەر كادر و ئەندامانی، پەیەدە "بە دەسەڵاتێكی سزادەر" تۆمەتبار دەكات كە "بە ھێزی چەك و رێگەی تیرۆر خۆی بەسەر كۆمەڵی كوردی سەپاندووە".

لە كوتاییشدا داوایان لێ دەكات "كۆتایی بەو مامەڵەیە دەرھەق خەڵك و بزووتنەوە نیشتمانییەكەی بێنن، كە زیان بۆ پرسی گەلەكەمان ھەیە، بەڵام پاشگەزمان ناكاتەوە لە خەبات بۆ بەدەستھێنانی مافی رەوای گەلەكەمان".

لیستی ناوی ئەو كەسانەی لە ماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێری رابردوو لە لایەن دەسەڵاتی رۆژئاوای كوردستان دەستگیركراون:

محەمەد عەلی ئیبراهیم ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پەدەکەسە

جاسم حاجی ئەندامی لێژنەی ناوچەی پەدەکەسە

لۆران برۆ  ئەندامی پەدەکەسە لە ئەبو راسین لە نزیک سەرێ کانی

فەرهاد کەمال ئەندامی لقی پەدەکەسە لە قامشلۆ

مەسعود محەمەد ئەمین رەمۆ ئەندامی پەدەکەسە لە گرکێ لەکێ

عەلی سۆفی عەلۆ ئەندامی پەدەکە لە گرکێ لەکێ

دڵگەش حوزنی ئەندامی پەدەکەسە لە گرکێ لەکێ

لوقمان مەحمو ئەندامی پەدەکەسە لە شینکە

عەلی محمود عەمۆ ئەندامی پەدەکەسە لە سەرێ کانی

ئەحمەد حاجی ئەندامی پەدەکەسە لە قامشلۆ

عەبدولعەزیز حەسۆ دەستەی راوێژکاریی ئەنەکەسە لە بێریك

عەبدولڕەحمان ئەحمەد ئەبو عیماد ئەندامی پەدەکەسە

مزگین محەمەد حوسێن ئەندامی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنەکەسە

جەمیل کیکییە ئەندامی پارتی یەکێتی کوردی لە تل تەم.

مزگین شەوقی ئەندامی پارتی یەکێتی کوردی

کامەران سینۆ ئەندامی ئەندامی پارتی یەکێتی کوردی لە دەرباسییە

خەبات جەمیل ئەفسەری پێشووی هێزەکانی پێشمەرگە و وەرگێڕی سوپای ئەمریکا لە دەرباسییە

JS