ناسنامه‌ی فه‌رمانده‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال ئاشكرا ده‌بێت

هیچیان خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ نین و له‌ باكووری كوردستانه‌وه‌ ره‌وانه‌ كراون
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

شنگال کە دوایين خاڵی سنووری باشووری کوردستانە لەگەڵ ناوچە عەرەبنشینەکانی عێراق، دوای کەوتنی شارۆچکەی رەبیعە و دابڕانی لە هەرێمی کوردستان, لە 3ی ئابی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە داگیرکرا.

لەگەڵ داگیرکردنی شارەکە، خەڵکی شنگال لە رێگەی ده‌روازه‌یه‌كه‌وه‌ بەپێی چوونە ناو خاکی رۆژئاوای کوردستان و لەوێشەوە دووبارە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان.

هاوكات په‌كه‌كه‌ش گه‌ریلاكانی خۆیی له‌ ناوچه‌كه‌دا جێگیركرد، له‌ كاتێكدا ته‌واوی فه‌رمانده‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان, لهو‌ ده‌ڤه‌ره‌دا خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ نین و به‌ڵكو خه‌ڵكی باكووری كوردستانن. 

لەگەڵ داگیرکردنی شارەکە، خەڵکی شنگال لە رێگەی کۆریدۆرێکەوە بەپێی چوونە ناو خاکی رۆژئاوای کوردستان و لەوێشەوە دووبارە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان، دواتر داعش ئەو کۆریدۆرەشی دابڕی و هێزێکی پەکەکە لەگەڵ پێشمەرگە و خەڵکی ناوچەکە لە چیای شنگال مانەوە. لە ماوەی مانەوەی پێشمەرگە و خەڵک لە چیای شنگال، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی هەلیکۆپتەرەوە، رۆژانە نان و خۆراک و چەک و پێداویستییەکان دەگەێندرایە خەڵکەکە.

لە رۆژی 20/12/2014 لە ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی هێزی پێشمەرگە بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی هێزی پێشمەرگە لەبەرەی زومارەوە لە رێرەوێکی ۷٠ کیلۆمەتری خۆی لە رۆژهەلاتی چیاوە گەیاندە شنگال و رۆژێک دواتر ئابلوقەی چیای شکاند و هەموو ئەو هێزانە رزگارکران بە هێزەکانی پەکەکەشەوە.

بەوەش پەکەکە هێزێکی زیاتری لە رۆژئاوای کوردستانەوە هێنایە ناوچەکە، کە بووە هۆکاری چەندین گرژی لە ناوچەکە، بۆیە هێزی پێشمەرگەی کوردستان رێگر بوو لە بەشداریپێکردنی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە لە ئۆپەراسیۆی ئازادکردنەوەی شاری شنگال لە 13/11/2015، کە بە بەشداری ژمارەیەکی زۆری هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بەسەرپەرشتی سەرۆک بارزانی و بەپشتیوانی هێزی ئاسمانی وڵاتانی هاوپەیمان ئۆپەراسیۆنەکە بە ئەنجام گەیشت.

سەربەست لەزگین فەرماندەی پێشمەرگە رایگەیاند کە بۆ ئازادکردنەوەی چیای شنگال و تەواوی شارەکە و پاراستنی ناوچەکانیان پێشمەرگە زیاتر لە 600 شەهیدی داوە

لەدوای ئازادکردنی زۆرینەی ناوچەکانی شنگال، پەکەکە دەستی بەسەر ژمارەیەکی زۆری باڵەخانە حکومەییەکانی شنگال و خانە سۆر و سنوونێ گرتووە، رێگریش بووە لەوەی کە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کارکردن لەو ناوچەیە.

چەند سەرچاوەیەکی باڵا بۆ کوردستان24 یان پشتڕاستکردەوە، کە شنگال لەلایەن ژمارەیەک سەرکردەی باڵای پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە سەرپەرشتی دەکرێن کە هیچیان خەڵکی ناوچەکە نین و جێبەجێکەری بڕیار و راسپاردەکانی سەرکردایەتی پەکەکەن لە قەندیل.

دیارترینیشیان زەکی شنگالی یە، کە ناوی راستەقینەی ئیسماعیل ئۆزدەنە، لە ساڵی 1952 لە گوندی بەشیری سەر بە شاری باتمانی باکوری کوردستان لەدایکبووە و تاکو شەشی سەرەتایی خوێندووە.

لە سەرەتای ساڵانی حەفتا گوندەکەیان لەلایەن حکومەتی تورکیا راگوێزراوە و لە هەشتاکان بە خێزانەوە دەچنە ئەڵمانیا و تائێستاش خانەوادەکەی نیشتەجێی ئەڵمانیان.

لە سالی 1989 پەیوەندی بە رێکخستنەکانی پەکەکە لە ئەوروپا دەکات، لە ساڵی 1993 وێرای سەرپەرشتی رێکخستنەکانی پەکەکە لە ئەوروپا، دەچێتە قەندیل و دەبێتە گەریلا.

لە 2001 - 2004 هاوکار و سەرپەرشتیاری پێکهێنانی رێکخراوی تەڤدای بووە.

لە 2004 - 2007 بووەتە جێگری سەرۆکی کۆنگرەی گەل.

لە 2009 - 2012 بووەتە بەرپرسی کۆمیتەی سیاسی کۆما جڤاکێن کوردستانێ کەجەکە.

لە سالی 2007 تاوەکو ئێستا ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکەیە و بەرپرسی گشتی کاروبای پەکەکە بووە لە سنوری شنگال

کەسایەتییەکی دیکە کە سەرپەرشتی کاروبارەکانی پەکەکە دەکات، عەگید جڤیانە، ناوی راستەقینەی وەحیەدین کارایە، ساڵی 1968 لە گەڤەری باکووری کوردستان لەسنووری عەشیرەتی ئۆرەمار لەدایکبووە. تاوەکو پۆلی سێی ناوەندی خوێندووە.

لە ساڵی 1993 چووەتە ناو ریزەکانی پەکەکە، چەندین بەرپرسیاریەتی جۆراوجۆری لەناو ئەو حیزبە بڕیووە. ئێستا ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگەیە) کە بەرپرسیارییەتی سەرجەم هێرش و تەقاندنەوەی بۆمبەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ئەستۆ دەگرێت. هەروەها بەرپرسی هێزەکانی هەپەگەیە لە شنگال.

بەرپرسێکی دیکەی پەکەکە لە شنگال، مەزلوم رووسە. ناوی راستەقینەی ئارسەنە، لە خانەوادەیەکی کوردی باکوور کە لە رووسیا ژیان لەدایکبووە، هەربۆیەش نازناوی رووسی پێدراوە.

لە ساڵی 1995 پەیوەندی بە پەکەکە کردووە، بەرپرسی سەربازی پەکەکە بووە لە ناوچەکانی چارچەل و دەڤەری زاگرۆس.

دوو ساڵە بە فەرمانی قەندیل کراوەتە فەرماندەی گشتی یەبەشە.