ئەنجومەنی سەربازی منبج رادەستكردنی رۆژئاوای شارەكە رەتدەكاتەوە

چارەنووسی منبج ئایندەی سوریا و رۆژئاوای كوردستان دیاری دەكات

K24 - ھەولێر

ئەنجومەنی سەربازی منبج سەر بە ھێزەكانی سوریای دیموكرات لە بەیاننامەیەكدا راستی ئەو رێككەوتننامە بڵاوكردەوە، كە بە ھۆیەوە  بە سەرپەرشتی روسیا چەندین گوندی نێوان منبج  و باب رادستی ھێزەكانی رژێم كرد.

ھەندێ لە میدیا عەرەبییەكان بەیاننامەی ئەنجومەنی سەربازی منبجیان بە پەشیمانبوونەوە لەو رێككەوتننامە زانی كە بەشی رۆژئاوای منبج دەداتە ھێزەكانی حكومەتی سوریا.

میدیا ئێرانییەكانیش ھەر بەم شێوە ھەواڵەكەیان لە میدیا عەرەبییەكان گواستەوە.

بەیاننامەكە چی دەڵێت

ئەنجومەنی سەربازی منبج لە بەیاننامەكەیدا دەڵێت "رێگەدان بە ھێزەكانی پاسەوانی سنوور لە ھێڵی نێوان ھێزەكانمان و ھێزەكانی بەكرێگیراوی قەڵغانی فورات شرۆڤەی جیاوازی لێكراوە و بە رێگەی میدیا راستییەكانی بە لارێدا براوە".

ھەروەھا باس لەوە دەكات "منبج و دەوروبەری بە چاودێری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ژێر دەسەڵاتی ھێزەكانی ئەنجومەنی سەربازی منبج دەمێنێتەوە، كە ھاوپەیمانان پاش زیادبوونی ھەڕەشەكانی توركیا، ھێزەكانیان زیاتر كردووە و رێگە بە ھاتنە ناوەوەی ھیچ ھێزێك نادەن".

ئارمی ئەنجومەنی سەربازی منبج
ئارمی ئەنجومەنی سەربازی منبج

پیشتر ھەواڵی ئەوە بڵاو بووەوە ھێزەكانی سوریای دیموكرات بۆ خۆپاراستن لە شەڕ لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا نزیك لە توركیا، ھەندێ گوند لە رۆژئاوای منبج رادەستی ھێزەكانی حكومەتی سوریای كرد.

رۆیتەرز بڵاوی كردەوە رادەستكردنی ئەو گوندانەی كەوتوونەتە نێوان گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە توركیا و ھێزەكانی ھاوپەیمانی ئەمریكا بە حكومەتی سوریا لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی بە سەرپەرشتی روسیا بووە.

ھەر ئەوكات سەرچاوەیەك لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەمبارەوە گوتی "ئەو گوندانە لە رۆژئاوای منبج ھەڵكەوتوون و لە رۆژانی رابردوو گوڕەپانی شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی سەر بە توركیا و ئەنجومەنی سەربازی منبج بوو".

ئەنجومەنی سەربازی منبج لەمبارەوە دەڵێت "تەنیا ناوچەكانی عەریمە و ھێڵی شەڕ لەگەڵ ھێزەكانی قەڵغانی فورات بە ھێزەكانی رژێم راسپێردراون".

زرێپۆشەكانی ئەمریكا لە منبج
زرێپۆشەكانی ئەمریكا لە منبج

ھەر پاش ئەم رێكەوتنە دوو رووداوی گرنگ لە ناوچەی منبج روودان:

لە لایەكەوە ئەمریكا ھێزێكی زیاتر و زرێپۆش بۆ منبج نارد كە لە ناوچەكانی باكوور بڵاوەیان پێكرد.

كۆلۆنێل جۆن دۆریان لە تویتێكدا بڵاوی كردەوە "ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە وتەی ھاوینی 2016 لە ناوخۆ و دەوروبەری منبج چالاكن، ئەوكاتەی لە داعش رزگاركرا".

ھەر لەمبارەوە دەڵێت "بوونی ھێزەكانیان لە دەوروبەری منبج زیاتر كردووە بۆ پێشیگرتن بە كردەوەی دوژمنكارانە، بەھێزتر كردنی كۆنترۆڵ و دڵنیابوون لەوەی كە یەپەگە لەوێ بوونی نییە"

لە لایەكی ترەوە زرێپۆشەكانی روسیا و رژێم كە پاسەوانی كاروانێكی مرۆییان دەكرد گەیشتنە منبج.

گوتەبیژی پنتاگۆن جێف دەیڤیس لەمبارەوە  گوتی "ھەستمان بەوە کرد لەگەڵ کاروانی ھاوکاری مرۆیی بۆ منبج کە لەلایەن رژێمی سووریا و رووسیا دابینکراوە، ئۆتۆمبێڵی زریپۆشیش ھەیە".

وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا، مه‌ولود چاوش ئۆغڵۆ
وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا، مه‌ولود چاوش ئۆغڵۆ

لایەنی سێیەمی گرێ كوێرەكەی منبج توركیایە كە پێشتر ھەڕەشەی لێدانی ھێزەكانی یەپەگەی كرد، ئەگەر شاری منبج بەجێ نەھێڵێت، كە مەبەستی ھێزەكانی سوریای دیموكراتە.

وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا، مه‌ولود چاوشئۆغڵۆ رايگه‌ياند، ئه‌مريكامان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ هێزى كوردی له‌ منبج بمێنێته‌وه‌ بۆردومانيان ده‌كه‌ين.

چاوشئۆغڵۆ لەمبارەوە گوتى: "ئه‌نقه‌ره‌ و مۆسكۆ رێككه‌وتوون هێزه‌كانى رژێم و ئۆپۆزسیۆن له‌ ناوچه‌ى باب رووبه‌ڕووى يه‌ك نه‌بنه‌وه‌ و شه‌ڕ نه‌كه‌ن".

بەڵام ھەر پاش بڵاوبوونەوەی رێككەوتننامەی رادەستكردنی ھەندێ گوندەكانی رۆژئاوای منبج بە ھێزەكانی رژێم، لێدوانی بەرپرسانی توركیا نەرمتر بوو و سەرۆك وەزیران بینالی یڵدرم ئاماژەی بەوەدا پێیان باشە منبج لە ژێر دەسەڵاتی ھێزەكانی رژێمدا بێت.

بەیاننامەی ئەنجومەنی سەربازی منبج و پێش ئەویش رەوانەكردنی زرێپۆشەكانی ئەمریكا بۆ منبج ھاوكێشەكانی ئاڵۆزتر كرد و تا ئێستا ھیچ لایەنێك كاردانەوەی نەبووە، بەتایبەتی كە رێككەتننامەی نێوان ھێزەكانی سوریای دیموكرات و رژێم بە مانای رادەستكردنی تەواوی رۆژئاوای منبج لێك دەدرێتەوە، ھەر ئەوەی كە لە لەلاین ئەنجومەنی سەربازی منبج وەك لایەنێكی سەرەكی رێككەوتننامەكە رەتكرایەوە.

JS