ئه‌نجوومه‌نی شاره‌زایانی ئێران ره‌خنه‌ له‌ حه‌سه‌ن رۆحانی ده‌كات

داوا ده‌كه‌ن داوای لێبوردن له‌ خه‌ڵك بكات

K24 - هه‌ولێر:

لە دووهەم کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری لە ئێران داوا لە حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران کرا، ئەگەر حکوومەتەکەی هێچکارێکی بۆ چاک کردنی دۆخی ئابووریی وڵات نەکردووە ئەوا داوای لێبوردن لە خەڵک بکات.

حەفتەی رابردووش گوتەبێژی ئەم ئەنجوومەنە ئاشكرای کردبوو، لێژنەیەکی نهێنییان بۆ دەستنیشان کردنی رێبەری داهاتووی ئێران پێکهێناوە.

دووهەم کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری لە ئێران، لە جێی ئەوەی بە گوێرەی ئەرکەکانی ئەم ئەنجومەنە ببێتە شوێنێک بۆ لێکۆڵینەوە باس لەسەر کار و چالاکییەکانی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بوو بە شوێنی لۆمە کردنی سەرۆک کۆمار و رەخنەگرتن لە حکوومەتەکەی.

ئەحمەد جەننەتی، سەرۆکی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری کە هاوکات سەرۆکی ئەنجومەنی پاراستنی دەستووریشە، لەم کۆبوونەوەیەدا داوای لە سەرۆک کۆماری کرد لەسەر چۆنێتیی جێبەجێ بوونی سیاسەتی ئابووریی بەرگری، زانیاری بدات بە خەڵگ و گوتیشی: "ئەگەر کارێکتان کردووە ئەوە ئاشکرای کەن با خەڵک خۆشحاڵ بن، ئەگەریش نەتانکردووە داوای لێبوردن لەخەڵک بکەن و بڵێن بۆ هیچتان نەکردووە".

ئابووریی بەرگری کە لە لایەن رێبەریی ئیرانەوە هاتووەتە ناو ئەدەبیاتی سیاسیی دەسەڵاتدارانی ئیران، بە ئابوورییەک دەگوترێ کە تێیدا ئێران پشت بە وڵاتانی دیکە نەبەستێ و بتوانێ لە بەرامبەر هەر گەمارۆیەکی ئابووریدا خۆی رابگرێ.

جەننەتی لەم کۆبوونەوەیەدا زۆر بە توندیش هەڵیکوتایە سەر ئەو ریفۆرمخوازانەی باسی ئاشتیی نیشتمانی دەکەن و گوتی بە خۆشییەوە رێبەری کۆماری ئیسلامی زۆر بە توندی ئەم پیشنیارەی رەت کردووەتەوە.

لێدوانەکانی جەننەتی کە دەبڕی بۆچوونەکانی باڵی نزیک لە ئایەتوڵلا خامەنەییە، جارێکی دیکە دەریخست کە باڵی ئوسوولگەرا کە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی ئێرانی بە دەستەوەیە نایهەوێ رێگا بدات جارێکی دیکە ریفۆرمخوازان پۆستە گرینگەکانی ئەم وڵاتە بە دەستەوە بگرن.

لە یەک ساڵی رابردوودا و بە تایبەت پاش بڵاو بوونەوەی هەواڵی نەخۆشیی ئایەتوڵڵا خامەنەیی، جارێکی دیکە سەرنجەکان بۆ سەر ئەنجومەنی شارەزایان بۆ دیاری کردنی جێگرەوەی خامەنەیی چڕتر بووەتەوە.

ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری، لە 88 مەلا و کەسایەتیی ئایینی پێکهاتووە کە ئەرکی سەرەکییان هەڵبژاردنی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئیران و چاوەدێری کردن بەسەر کار و چالاکییەکانی رێبەر و دامودەزگاکانی ژێر دەسەڵاتی رێبەرە.

لە چەند رۆژی رابردووشدا، ئەحمەد خاتەمی گوتەبێژی ئەنجومەنی شارەزایان گوتبووی لیژنەیەکی سەر بەم ئەنجومەنە بە نهێنی خەریکی تاوتوێکردنی دۆزینەوەی جێنشینێک بۆ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. خاتەمی ئاماژەی بە ژمارەی ئەو کەسانەش نەکرد کە لەم لێژنەیەدا کراونەتە بەربژێری پۆستی رێبەری و گوتیشی زانیارییەکان و چالاکییەکانی ئەم لێژنەیە بە تەواوی نهێنییە و تەنیا ئایەتوڵڵا خامەنەیی دەتوانێ لێیان ئاگادار بێت.

ئەنجومەنی شارەزایان ئەندامەکانی بە دەنگی راستەوخۆی خەڵک و بۆ ماوەی هەشت سال هەڵدەبژێردرێن، دوایین جار 29 ساڵ لەمەوبەر و  بە دەستنیشان کردنی ئایەتوڵلا خامەنەیی لە جێی ئایەتوڵلا خومەینی رێبەری ئیستای ئێرانی دیاری کردبوو. بە سەرنجدان بەوەی دوایین هەڵبژاردنی ئەم ئەنجومەنە ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، پیشبینی دەکرێ لەم خولەدا رێبەری داهاتووی کۆماری ئیسلامیی ئیران دیاری بکرێ.