كاتى بڕيارى يه‌كلاكه‌ره‌وه‌يه‌

هێمن هه‌ورامى:

K24 – سلێمانى:

هێمن هه‌ورامی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌راوێزى به‌شداريكردنى له‌ پێنجه‌م ديدارى سلێمانى، تايبه‌ت به‌ كوردستان24 رايگه‌ياند، ئيدى ده‌بێت پرسى سياسى هه‌رێمى كوردستان به‌لايه‌كدا بخرێت و خه‌ڵك چاوه‌ڕێى ئه‌نجامه‌ و ده‌بێت ده‌سته‌ى سه‌رۆكايه‌تى په‌رله‌مان بگۆڕدرێت. بۆ سه‌ربه‌خۆييش گوتى: ئه‌وه‌ په‌يوه‌ندى به‌ ئێرانه‌وه‌ نييه‌ و ئه‌مريكييه‌كان راسپارده‌يه‌كيان بۆ جه‌نابى سه‌رۆك هه‌بووه‌. سه‌باره‌ت به‌ په‌كه‌كه‌ش له‌ شنگال گوتى: ده‌بێت ئه‌و هێزه‌ شنگال چۆڵ بكات.

پرۆژه‌ى پارتى

هێمن هه‌ورامى گوتى: پڕۆژه‌ى پارتى بريتيه‌ له‌ پڕۆژه‌كه‌ى سه‌رۆك بارزانى كه‌ له‌ 20/11ى ساڵى رابردوو رايگه‌ياندووه‌ و ئه‌و پرسه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو لايه‌نه‌كان باسكراوه‌.

گوتيشى: نوێترين زانيارى ئه‌وه‌يه‌، كه‌ پارتى ديموكراتى كوردستان په‌يامى جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى وه‌ك نه‌خشه‌ رێيه‌ك جێبه‌جێ بكرێت و بۆ ميكانيزمه‌كانيش پارتى پێى وايه‌ كليلى سه‌ره‌كى بۆ جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كه‌ گۆڕانى ده‌سته‌ى سه‌رۆكايه‌تى په‌رله‌مانه‌ به‌ سه‌رۆك و جێگر و سكرتێره‌وه‌ و بۆ ئه‌مه‌ش پارتى جه‌وله‌ى يه‌كه‌مى ديداره‌كانى ئه‌نجامداوه‌ و دواتر له‌گه‌ڵ يه‌كێتى كۆبووه‌ته‌وه‌ و دواتريش براده‌رانى يه‌كگرتوو  ديدگايه‌كى نوێيان هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌.

پارتى و يه‌كێتى كۆده‌بنه‌وه‌

ئاشكراشيكرد، سبه‌ى پێنجشه‌ممه‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كى گرنگى مه‌كته‌بى سياسى پارتى ديموكراتى كوردستان ئه‌نجامده‌درێت و له‌ دوو رۆژى داهاتووشدا كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سياسى و ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردايه‌تى يه‌كێتى ئه‌نجامده‌درێت.

هه‌روه‌ها گوتيشى: ئه‌گه‌ر هه‌يه‌ هه‌فته‌ى ئاينده‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كى گرنگى پارتى و يه‌كێتى ئه‌نجام بدرێت.

هێمن هه‌ورامى جه‌ختيشى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، ئيدى ناكرێت به‌ پرۆژه‌ و پڕۆژه‌كارييه‌وه‌ خه‌ريك بين و ره‌وشى هه‌رێم گه‌يشتووه‌ته‌ قۆناغێك پێويستى به‌ بڕيارى يه‌كلاكه‌ره‌وه‌ هه‌يه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نجامێك به‌ خه‌ڵكى كوردستان بدرێت. پێويست به‌وه‌ ده‌كات هه‌موولايه‌نه‌كان بگه‌ينه‌ نه‌خشه‌ رێيه‌كى ئه‌وتۆ كه‌ ره‌وشى هه‌رێم بگه‌يه‌نينه‌ قۆناغێكى باشتر.

سه‌باره‌ت به‌ به‌ده‌مه‌وه‌هاتنى لايه‌نه‌كان، هێمن هه‌ورامى گوتى: هه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ يه‌كێتى كۆده‌بێته‌وه‌ و پارتى پڕۆژه‌كانى جه‌نابى سه‌رۆكى كردووه‌ته‌ پڕۆژه‌ى خۆى و جه‌نابى سه‌رۆك چه‌ندين په‌يامى ئاراسته‌ى لايه‌نه‌كان كردووه‌ و يه‌كگرتوو ديدگاى نوێى هه‌يه‌، ئاماژه‌ى روونن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت هه‌ستيارى رابردوو تێپه‌ڕێنين.

پێنجقۆڵى نه‌ماوه‌

هێمن هه‌ورامى ئه‌وه‌شى گوت: ئيدى قۆناغى پێنجقۆڵى كۆتايى پێهاتووه‌ و ئيديى ئه‌م لايه‌نانه‌ ته‌نيا كاره‌كته‌رى سه‌ره‌كى نيين و ته‌نانه‌ت له‌ شه‌ڕى داعش هه‌ندێك لايه‌ن هه‌بوونه‌ ئاماده‌ييان له‌ به‌ره‌كانى شه‌ڕدا هه‌بووه‌، كه‌ له‌ ريزى پێنجقۆڵيدا نيين و نيمچه‌ ئه‌سته‌مه‌ بتوانرێت هه‌موو لايه‌نه‌كان له‌سه‌ر نه‌خشه‌رێيه‌ك رێكبكه‌ون، به‌ڵام ده‌كرێت زۆرينه‌يان رێكبكه‌ون. 

په‌كه‌كه‌ ده‌بێت چۆڵى بكات

سه‌باره‌ت به‌ په‌كه‌كه‌ هێمن هه‌ورامى گوتى: ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ به‌ دواى شه‌ڕدا ناگه‌ڕێت و نايه‌وێت خوێن بڕژێت ده‌بێت شنگال چۆڵ بكات، چونكه‌ مانه‌وه‌ى له‌ شنگال ده‌رگا به‌ رووى ده‌ستتێوه‌ردانى ده‌ره‌كى درووستده‌كات و به‌كارهێنانى په‌كه‌كه‌ له‌ لايه‌ن هه‌ندێك ئه‌جێنداى نا كوردستانييه‌وه‌ بۆ به‌كارهێنانيان بۆ درووستكردن كۆسپ له‌به‌رده‌م سه‌ربه‌خۆيى كوردستان.

يه‌ك پرسيار

هه‌روه‌ها گوتى: بۆچى له‌ رۆژێكدا منبج دواى شه‌هيد بوونى 1300 كچ و كوڕى كورد ده‌ده‌نه‌وه‌ ده‌ست رژێمى سووريا، به‌ڵام ئاماده‌ نيين شنگال چۆڵ بكه‌ن، كه‌ مانه‌وه‌ى ئه‌وان و سووربوونيان له‌سه‌ر مانه‌وه‌ درووستكردنى كێشه‌يه‌ و هيوادارين به‌ ديالۆگ ئه‌و كێشه‌يه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.

ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كرد، ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ ديالۆگ ره‌تبكاته‌وه‌، ئه‌وا هه‌موو بژارده‌يه‌ك كراوه‌يه‌ و پارتى و هه‌رێمى كوردستان نايه‌وێت شه‌ڕى په‌كه‌كه‌ بكه‌ن و ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ هه‌ر بيه‌وێت شه‌ڕ به‌ هه‌رێمى كوردستان بفرۆشێت، ئه‌وا ئێمه‌ ده‌ستپێشخه‌ر نابين و سووپاسيشيان ئه‌كه‌ين كه‌ له‌ سه‌ره‌تاى شه‌ڕى داعش رێڕه‌وێكى ئاراميان بۆ هه‌ندێك خه‌ڵكى شنگال درووستكردووه‌ سووپاسيان ده‌كه‌ين، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ به‌ 600 شه‌هيد شنگالى رزگار كردووه‌ و ده‌بێت په‌كه‌كه‌ به‌ ئاشتيانه‌ شنگال چۆڵ بكات و خه‌ڵكى شنگال خۆيان بڕيار له‌ چاره‌نووسى خۆيان بده‌ن.

كارتى به‌هێزى هه‌يه‌.. پارتى

هه‌روه‌ها روونيكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ندێك لايه‌نى ديكه‌ له‌به‌ر ململانێى سياسى پێيان وايه‌ په‌كه‌كه‌ كارتێكه‌ ده‌توانن پارتى پێ لاواز بكه‌ن، به‌هه‌ڵه‌دا چوون و پارتى زۆر كارتى به‌هێزترى هه‌يه‌ كه‌ ئه‌سڵه‌ن حساب بۆ په‌كه‌كه‌ ناكات.

 

بۆچى سه‌رۆك ناچێته‌ ئێران

له‌ وه‌ڵامى پرسيارى كوردستان 24 بۆچى سه‌ردانى سه‌رۆك بارزانى بۆ ئێران دواكه‌وتووه‌، رايگه‌ياند، مه‌سه‌له‌كه‌ ئه‌وه‌ نييه‌ كه‌ ناچێت، هه‌ندێك كات ئه‌وان دياريان كردووه‌ گونجاو نه‌بووه‌، چونكه‌ كارى ديكه‌ى هه‌بووه‌ و هه‌ندێك كات بۆ ئه‌وان گونجاو نه‌بووه‌.

گوتيشى: سه‌ردانه‌كه‌ ده‌كرێت، كۆمارى ئيسلامى بۆ ئێمه‌ وڵاتێكى گرنگ و دراوسێيه‌كى گرنگه‌ و ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت په‌يوه‌ندييه‌كى دۆستانه‌مان هه‌بێت.

ده‌بێت ئێران تێبگات

هه‌روه‌ها گوتى: ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستى ره‌سمى ده‌كه‌ين و له‌ ميونشن سه‌رۆك بارزانى كۆبوونه‌وه‌يه‌كى هه‌تا بڵێيى ئه‌رێنى له‌گه‌ڵ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران ئه‌نجامداوه‌ و ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ وته‌ى ناره‌سمى ناكه‌ين و ئێمه‌ سه‌رچاوه‌ى سه‌قامگيرى و دۆستايه‌تى ده‌بين بۆ ئێران و سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ نابين و هه‌ندێك تێڕوانينى مه‌قاماتى دينى و سه‌ربازى ئێران تێڕوانينى هه‌ڵه‌يه‌ و ئه‌مه‌ 26 ساڵه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌يه‌ و با تاران سه‌يرى ده‌وروبه‌رى خۆى بكات بزانێت ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى له‌ هه‌رێمه‌وه‌ هه‌بوونه‌ چه‌ند بوونه‌ و ئايا چه‌ند بار كه‌متر نه‌بوونه‌ له‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى له‌ سنووره‌كانى ديكه‌يه‌وه‌ لێى كراوه‌.

سه‌ربه‌خۆيى په‌يوه‌ندى به‌ ئێرانه‌وه‌ نييه‌

روونيشيكرده‌وه‌، سه‌ربه‌خۆيى پرسێكى تايبه‌ت به‌ هه‌ولێر و به‌غدايه‌ و ئه‌و پرسه‌ په‌يوه‌ندى نييه‌ به‌ ئێران و توركياوه‌ و ئێران ده‌بێت تێبگات ئێمه‌ خاوه‌ن بڕيارى چاره‌نووسسازى خۆمانين و ئێمه‌ رێگه‌ ناده‌ين نه‌ ئێران و نه‌ هيچ وڵاتێكى ديكه‌ له‌ باتى ئێمه‌ بڕيار له‌ چاره‌نووسى ئێمه‌ بدات.

هه‌ورامى وه‌ڵامى عه‌بادى ده‌داته‌وه‌

له‌ پێنجه‌م ديدارى سلێمانيدا، سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق حه‌يده‌ر عه‌بادى رايگه‌ياند، پێويسته‌ گرنگى به‌ خاكى عێراق بده‌ينه‌وه‌ و دووه‌م ئه‌و ناوچانه‌ى جێى ناكۆكن به‌ هاوبه‌شى به‌ڕێوه‌يان به‌رين، له‌ به‌رامبه‌ردا هێمن هه‌ورامى وه‌ڵامى لێدوانه‌كانى دايه‌وه‌.

هێمن هه‌ورامى رايگه‌ياند، عه‌بادى جياوازه‌ له‌ مالكى، به‌ڵام نابێت چاوه‌ڕێى هه‌موو شتێكى لێ بكه‌ين و نابێت ئه‌و پێشبينيه‌ش بكه‌ين، كه‌ عه‌بادى ده‌توانێت سه‌ربه‌خۆيى يه‌كلا بكاته‌وه ‌و عه‌باديش سياسييه‌كى عێراقييه‌ و هه‌ڵبژاردن له‌ پێشه‌ و ئێمه‌ مه‌سه‌له‌يه‌كمان هه‌يه‌ و راسته‌ ئێستا عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زيرانه‌ و ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و ديالۆگ بكه‌ين.

سه‌رۆك گه‌يشتووه‌ته‌ خاڵى يه‌كلاكه‌ره‌وه‌

گوتيشى: پرسى ئێمه‌ پرسێكى كه‌سيى نييه‌ و په‌يوه‌ندى به‌ كه‌سه‌كانه‌وه‌ نييه‌ و پرسى مافى چاره‌نووسى گه‌لى كوردستانه‌ و عێراق به‌ دوو ئه‌زمووندا تێپه‌ڕيوه‌ و له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا 2003 و له‌ رووخانى به‌عسيشه‌وه‌ تا 2014 و له‌و ماوه‌يه‌دا ريزێك حكومه‌ت هاتوون، به‌ڵام ئێمه‌ يه‌ك پرسمان هه‌يه‌ و جه‌نابى سه‌رۆك گه‌يشتووه‌ته‌ خاڵى يه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ئه‌ويش ئه‌وه‌يه‌ ئێمه‌ ناتوانين بۆ پێش هاتنى داعش بگه‌ڕێينه‌وه‌ و ئێمه‌ ناتوانين ببينه‌ به‌شێك له‌ ئاينده‌يه‌كى شكستخواردوو. ئێمه‌ رێككه‌وتنى نووسراومان له‌گه‌ڵ عه‌بادى و ئه‌مريكييه‌كان هه‌يه‌.

هێڵى 17/10

هه‌روه‌ها گوتى: ئه‌و ناوچانه‌ى تا رۆژى 17/10 (رۆژى ده‌ستپێكردنى ئۆپراسيۆنى رزگاركردنى مووسڵ) پێشمه‌رگه‌ى تێدا بووه‌، ئه‌وه‌ قسه‌ى له‌سه‌ر ناكه‌ين و ناوچه‌ى كوردستانين و ئه‌وانه‌ى له‌ دواى ئه‌و رێككه‌وته‌ ئازادكراوون، هه‌يانه‌ عه‌ره‌بييه‌ و ئێمه‌ى تێدايه‌ و هه‌يانه‌ كوردستانين و هێشتا ئازاد نه‌كراوون و گفتوگۆ له‌ باره‌ى ئه‌و ناوچانه‌وه‌ ده‌كه‌ين.

 هه‌ڵوێستى ئه‌مريكا

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى ئه‌مريكا له‌و باره‌يه‌وه‌، هێمن هه‌ورامى گوتى: من له‌ هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كانى سه‌رۆكدا بوومه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مريكييه‌كان و له‌ ميونشن چوار كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌مريكييه‌كاندا هه‌بووه‌ و له‌ هه‌ر چوارياندا ته‌ئكيد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كورد هاوپه‌يمانى ستراتيژى ئه‌مريكايه‌ و په‌يوه‌ندييه‌كانى كورد و ئه‌مريكا ته‌نيا به‌ شه‌ڕى داعش نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه‌ و راسپارده‌ى ئه‌مريكييه‌كانيش ئه‌وه‌يه‌ ئێمه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ستپێبكه‌ين و لانيكه‌م له‌ ناو خۆشماندا سازانێكمان هه‌بێت و ئه‌و ناوچانه‌ى تا 17ى 10 كوردى تێدا بووه‌، ئه‌وا كوردستانين و ئاينده‌شيان ئه‌وا له‌ ريفراندۆمێكى سه‌رتاسه‌ريدا يه‌كلا ده‌كرێته‌وه‌.

ته‌واوى ديداره‌كه‌:

سازدانى هه‌ڤپه‌يڤين: ئومێد عه‌لى.

شوێن: سلێمانى، له‌ په‌راوێزى پێنجه‌م ديدارى سلێمانى.

رۆژى: 8ى ئازار/ مارسى 2017.

داڕشتنه‌وه‌ى: ئ.هـ