پارێزگاری ئاگری: لەیلا زانا گوتوویەتی 20 دەوڵەت پەكەكە بەكاردێنن

لەیلا زانا و ھەدەپە ھیچ لێدوانێكیان لەمبارەوە نەداوە
kurdistan24.net

 

K24 - ھەولێر

میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە والیی ئاگری لە باكووری كوردستان موسا ئیشن رایگەیاند لەیلا زانا پەرلەمانتاری ھەدەپە پێی گوتووە 20 دەوڵەت پەكەكە بەكاردێنن.

گوتیشی داوای ھەڵبژاردنی 7 حوزەیرانی 2015، لەیلا زانا لەگەڵ چوار پەرلەمانتاری دیكە سەردانی كردم و ئەوكات بە زانام گوت ئێوە 80 كورسی پەرلەمانتان بەدەستھێناوە، خەڵك دەنگی بە ئێوە داوە بۆ ئەوەی كۆتایی بە توندوتیژی بھێت و نایانەوێت كەس بكوژرێت و خوێنیان برێژێت. بە 80 پەرلەمانتاری خۆتان بڕۆن بە پەكەكە بڵێن شەڕ و توندوتیژیمان ناوێت، دەمانەوێت سیاسەت بكەین.

پارێزگاری ئاگری كە ھاوكات وەك قەیوم بۆ راپەراندنی كاروباری شارەوانی دانراوە، ھەر لەمبارەوە دەڵێت لەیلا زانا لە وەڵامدا پێی گوتم پەكەكە لە لایەن 20 دەوڵەتەوە بەكار دەھێنرێت.

لەیلا زانا پەرلەمانتاری ھەدەپە
لەیلا زانا پەرلەمانتاری ھەدەپە

ئەم بەرپەرسەی توركیا داوا لە ھەدەپە دەكات ئەو قسانەی لە لای ئەوان بە نھێنی دەڵێن، بە رێگەی تەلەڤزیۆن بە ئاشكرا بۆ خەڵك بڵێن كە پەكەكە گوێیان لێ ناگرێت و لە لایەن 20 وەڵاتەوە بەكار دەھێنرێت.

ھێشتا لەیلا زانا و ھەدەپە ھیچ لێدوانێكیان لەمبارەوە نەداوە.

پەیامنێری كوردستان24 لە توركیا رایگەیاند بڕیارە ئەمڕۆ ھەدەپە لە پەرلەمانی توركیا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوای رێك بخات و پێدەچێت ھەر لەم كۆنگرە رۆژنامەوانییە وەڵامی پارێزگاری ئاگری بداتەوە.

JS