توركیا لە ناتۆوە بۆ روسیا

توركیا ھاوكارییە سەربازی و ھەواڵگرییەكانی لەگەڵ روسیا زیاتر دەكات

K24 - ھەولێر

سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان داوای ھاوكاری سەربازی لەگەڵ روسیای كرد، پاش ئەوەی سەردانی مۆسكۆی كرد و لەگەڵ سەرۆكی ئەم وڵاتە ڤلادمیر پوتن كۆبووەوە.

رویتەرز بڵاوی كردەوە ئەردوغان لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی ھاوبەش لە بارەی رەققە رایگەیاند "ھەڵبەت ئێستا ئامانجی راستەقینە رەققەیە".

توركیا گوشارێكی زۆری خستە سەر ئەمریكا بۆ دەرھێنانی یەپەگە لە ئۆپەراسیۆنی رەققە و لەسەر ھەوڵەكانیشی بەردەوامە بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی دژە فڕینی ژێر كۆنترۆڵی ھێزەكانی نزیك لە خۆی.

ئەردۆغان ھەروەھا گوتی "دەبێ ئەوە قبوڵ بكرێت ناتوانرێت بە گروپێكی تیرۆریستی گروپێكی دیكەی تیرۆریستی لەناو ببرێت"، كە ئاماژەیە بە بەشداری پێكردنی یەپەگە لە لایەن ئەمریكاوە بۆ شەڕی دژی داعش.

ھێزەكانی سوریای دیموكرات بە بەشداری یەپەگە رۆژی 5 تشرینی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات بۆ كۆنترۆڵكردنی رەققەی راگەیاند و لە سێ قوناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكە زۆرێك لە ناوچەكانی دەوروبەری رەققەیان كۆنترۆڵكرد و بە چوونە ناوەوەی سنووری پارێزگای دێرەزۆر، دوایین رێگەی ھاتووی داعشیان بۆ دەرەوەی شارەكە داخست.

لەبارەی ھاوكارییە سەربازییەكانی لەگەڵ روسیا، سەرۆك كۆماری توركیا ئاماژەی بەوەدا "تەواوی ھێڵە پەیوەندییەكانمان تا ئێستا كراوەن و بەردەوامیش دەبین. توركیا و روسیا بە تەواوەتی ھاوكاری سەربازییان لە سوریا ھەیە و فەرماندە چەكدارەكانمان، وەزیرانی دەرەوە و ئاژانسە ھەواڵگرییەكانمان بە توندی ھەماھەنگیان ھەیە.

سەردانی ئەردۆغان بۆ مۆسكۆ ھاوكاتە لەگەڵ پەرەسەندنە نوێیەكانی منبج، كە ھەموو لایەنێكی ناوخۆی سوریا و ھاوپەیمانەكانیان چاویان تێبڕیوە و بە ھۆیەوە ئەگەری روودانی شەڕێكی چەند لایەنە لە ئارا دایە.

لە لایەكەوە ھێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە یاوەری سوپای توركیا ئاراستەی بەرەو منبجیان گرتووەتەبەر و لە لایەكی ترەوە ئەنجومەنی سەربازی منبج ھەندێ لە گوندەكانی نێوان خۆی و ھێزەكانی قەڵغانی فورات لە رۆژئاوای منبج رادەستی ھێزەكانی رژێمی سوریای كرد.

سەرباری ئەو پێشھاتانە، ئەمریكا ھێزێكی زیاتری زرێپۆش بۆ منبج رەوانە كرد و لە ناوچەكانی باكووری شارەكە بڵاوەیان پێكرد و ئامانجیشی پێشی پێگرتن بە ھەر جورە ھێرشێك بۆ سەر منبج، ھەروەك بەرپرسانی سەربازی ئەمریكا رایانگەندووە.

JS