توركیا ھەڕەشە لە ھۆلەندا دەكات

ھۆلەندا رێگە بە وەزیری دەرەوەی توركیا نادات لەگەڵ رەوندی توركی لەم وڵاتە كۆببێتەوە

K24 - ھەولێر

وەزیری دەرەوەی توركیا مەولود چاوشئۆغلو ھەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابووری و سیاسیی بەسەر ھۆلەندا كرد و گوتی  ئەم وڵاتە ھەڕەشە لە وەزیری دەرەوەی كۆماری توركیا دەكات.

شارەداری رۆتێردام مۆڵەتی كۆبوونەوە نەدایە وەزیری دەرەوەی توركیا كە لە چوارچیوەی ریفراندۆمی دەستووری وڵاتەكەی پلانی كۆبوونەوە لەگەڵ رەوەندی توركی لە ھۆلەندا ھەبوو.

چاوشئۆغلو لەمبارەوە گوتی "ئەمرۆ دەچمە رۆتێردام. ئەگەر بەھۆی ئەم گەشتەوە ئاڵۆزی زیاتر ببێت، با زیاتر ببێت. ئەگەر ئەوان مۆڵەتی نیشتنەوەی فڕۆكە نەدەن،  زۆر بە قورسی بەسەریان دەشكێتەوە".

وەزیری دەرەوەی توركیا لە بەرنامەیەكی سی ئێن ئێن تورك ئاماژەی بەوەدا " لە ھۆلەندا ویلدێرزێكی نەژادپەرستی و فاشیست ھەیە وەك نازی. وەزیری دەرەوەی كۆماری توركیا دەچێتە ھۆلەندا، بە ھەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی نیشتنەوەی فڕۆكە ھەڕەشە لە وەزیری دەرەوەی توركیا دەكەن، ئەمڕۆ دەچمە رۆتێردام. ئەگەر ھۆلەندا موڵەتی نیشتنەوەی فڕۆكە نەدات، ئەوا وەڵامدانەوەمان لە بواری ئابووری و سیاسی زۆر قورس دەبێت".

پێشتریش بەھۆی رێگەنەدان بە سێ وەزیری توركیا بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ رەوەندی توركی لە ئەڵمانیا، شەڕەقسەی نێوان بەرپرسانی ھەردوو لا لێكەوتەوە و سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەڵمانیای بە نازیسم تۆمەتبار كرد.

JS