40 عێراقی لە تەقینەوەكانی دیمەشق كوژران

120 دیكەشی برینداربوون

K24 - ھەولێر

وەزارەتی دەرەوەی عێراق كوژران و برینداربوونی 140 ھاووڵاتی عێراقی لە دوو تەقینەوەی دیمەشقی پایتەختی سوریا رادەگەیەنێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەحمەد جەمال لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "وەزارەتی دەرەوە لە رێگەی باڵیۆزخانەی عێراق لە سوریا بەدواداچوون دەكات بۆ ئەو كردەوە تیروریستییەی سەرلێدەرانی عێراقی بۆ مەزارگە پیرۆزەكان لە ناوچەی "باب الصغير" لە دیمەشق كردە ئامانج".

گوتیشی "بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان نزیكەی 40 كەس شەھید بوون و 120 دیكەشی برینداربوون، پاش ئەوەی كاروانەكەیان بووەتە ئامانجی تەقینەوە".

گوتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشدا "وەزارەت شانەی قەیران بە ھاوكاری لەگەڵ بەرپرسانی سوریا پێكھێناوە بۆ ئاشكراكردنی ناوی شەھیدان و برینداران، ھەروەھا كاركردنی بەپەلە بە دابینكردنی فڕۆكە بۆ گواستنەوەی تەرمی شەھیدان".

رۆژی شەممە 11 ئاداری 2017 دوو تەقینەوە كاروانێكی سەرلێدەرانی عێراقی لە ناوچەی "باب الصغير" لە دیمەشق كردە ئامانج".

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ھەروەھا داوا لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی دەكات "ئەو تاوانە تیرۆریستییە شەرمەزار بكات كە سەرلێدەرانی مەدەنی عێراقی بۆ مەزارگە پیرۆزەكان كردووەتە ئامانج و ھەڵوێستێكی یەكلاكەرەوە بەرامبەر گروپە تەكفیرییەكانی ئەنجامدەری بگرێتەبەر".

JS