ھۆڵەندا وەزیرێكی توركیای دیپۆرتكردەوە

چاوشئۆغلو پرسیاری تیرۆریست بوونی وەزیری دەرەوەی كۆماری توركیا دەكات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ھۆڵەندا وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی و خێزانی توركیا بۆ ئەڵمانیا دیپۆرت كردەوە و رێگەی پێنەدا لەگەڵ رەوەندی توركی لەم وڵاتە كۆببێتەوە.

پاش ئەوەی ھۆڵەندا رێگەی بە نیشتنەوەی فڕۆكەی وەزیری دەرەوەی توركیا مەولوود چاوشئۆغلو نەدا بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ رەوندی توركی بۆ پشتگیریی ریفراندۆمی دەستوور، وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی و خێزان فاتما بەتول سایان كایا لە ئەڵمانیاوە بە رێگەی وشكایی چووە ھۆڵەندا، بەڵام پۆلیسی ھۆلەندا لە نزیك كونسوڵخانەی توركیا لە رۆتێردام ئۆتۆمبێلەكەی راگرت و سەرباری ناڕەزایەتییەكانی بەرپرسانی توركیا، دیپۆرت كرایەوە.

 ئاژانسی ئانادۆل بڵاوی كردەوە پۆلیسی ھۆلەندا رێگەی ھاتوچووی بەردەم كونسوڵخانەی توركیای لە رۆتێردام داخست.



سەرۆكی شارەوانی رۆتێردام ئەحمەد ئەبوتاڵیب لەمبارەوە گوتی ئەگەر پێویست بكات بە پێی ئەو دەسەڵاتەی ھەمانە دەتوانین باری نائاسایی لە ھەندێ شوێنی شارەكە رابگەینین.

پۆلیسی ھۆڵەندا لەگەڵ دەركردنی وەزیرەكەی توركیا داوا لە تیمی ئاژانسی ئانادۆل و كەناڵی تەرەتەشی كرد بەرەو ئەڵمانیا بگەڕێنەوە كە یاوەری وەزیرەكەیان دەكرد.

لە لایەكی ترەوە گروپێك لە ھاووڵاتیانی تورك بەردەم كونسوڵخانەی وڵاتەكەیان لە رۆتێردام كۆبوونەوە و بە بەرزكردنەوەی ئاڵای توركیا و گوتنەوەی دروشمی توركی و ئیسلامی ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.

ھۆڵەندا بە ھۆكاری ئەمنی باڵیۆزخانەی خۆی لە ئەنقەرە و كونسوڵخانەكەی لە ئیستانبوڵ داخست، پێش ئەوەی گرووپێك لەبەردەم باڵیۆزخانە و كونسوڵخانەكەی لە ئەنقەرە و ئیستانبول كۆببنە، كە ئاڵای توركیا و وێنەی ئەردۆغانیان بەرزكردەوە.

وەزیری دەرەوەی توركیا پاش ئەوەی ھۆلەندا رێگەی بە نیشتنەوەی فڕۆكەكەی نەدا و  لە فرەنسا نیشتەوە و دواتر بۆ ئیستانبوڵ گەرایەوە، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی بە توندی رەخنە لە ھۆڵەندا گرت و پرسیاری ئەوەی كرد "ئایا  وەزیری دەرەوەی كۆماری توركیا تیرۆریستە"؟

گوتیشی ئەوان ھەنگاوێك بگرنەبەر، ئێمە 10 ھەنگاو دەگرینەبەر.

 JS

ھەر پاش رێگەنەدان بە نیشتنەوەی فڕۆكەی وەزیری دەرەوە، سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بە توندی رەخنەی لە حكومەتی ھۆڵەندای گرت و بە فاشیزم و پاشماوەی نازییەكان تۆمەتباری كرد و ھەڕەشەی راگرتنی گەشتی ئاسمانی نێوان توركیا و ھۆڵەنداشی كرد