داعشی دووەم دروست دەبێت

لەوانەیە شاری ئیدلب ببێتە پایتەختی ئەم پێكھاتە نوێیە

K24 - ھەولێر

رۆژنامەنووسێكی ئەمریكی پێشتر لە لایەن بەرەی نوسرە رفێندرابوو، باس لە دروستبوونی گروپێكی توندرەوی ئیسلامی لە باكووری رۆژئاوای سوریا دەكات كە شێوازێكی سەرسورھێنەری دەبێت.

پیتەر تیۆ كورتیس بە كەناڵی RT  رایگەیاند ئەو چەكدارانەی لە شەڕەكانی دژی ھێزەكانی حكومەتی سوریا شكستیان خوارد، لەگەڵ بەرەی نوسرە (جبهة فتح الشام) تێكەڵ دەبن و گروپێكی توندرەوی ئیسلامی لە باكووری رۆژئاوای سوریا پێك دێنن.

كورتیس لە ساڵی 2012 لە لایەن بەرەی نوسرە رفێندرا و ساڵی 2014 بە نێوانگیری قەتەر ئازادكرا.

ئەم رۆژنامەسە ھۆشداری ئەوەش دەدات لەوانەیە شاری ئیدلب ببێتە پایتەختی ئەم پێكھاتە نوێیە، كە بە "داعشێكی دیكە" بەناو دەكات و دەڵێت ئەو رووداوانە لە ژێر سێبەری بێ دەنگی وڵاتانی رۆژئاوا روو دەدەن.

دەشڵێت "راپۆرتە میدیاكانی رۆژئاوا لەبارەی سوریا راستەقینە نین، یان ئێمە ئاگاداری ئەوە نین چ لە لایەن ئەوانەوە روو دەدات، یان ئەوان ھۆگری راپۆرتەكانیان و تێگەیشتنی تایبەتی خۆیانن لەبارەی ئەوەی رووی دەدات".

JS