هۆڵه‌ندا: هێڵى سوورمان كێشاوه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆك وه‌زيرانى هۆڵه‌ندا مارك روته هۆكارى رێگريكردن له وه‌زيرانى توركياى ئاشكرا كرد.
سه‌رۆك وه‌زيرانى هۆڵه‌ندا گوتى: ئێمه ناچاربووين وه‌زيرانى توركيا ناچار بكه‌ين له وڵاته‌كه‌مان نه‌مێنن.
گوتيشى: چونكه ئه‌وان له ناو وڵاته‌كه‌ماندا ده‌سووڕانه‌وه و بانگه‌شه‌يان بۆ ده‌نگدان به ده‌ستوورى خۆيان ده‌كرد و هاوكات حكومه‌تى وڵاته‌كه‌شيان هه‌ڕه‌شه‌ى سه‌پاندنى سزامان لێده‌كات.
ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه، مارك رووته گوتيشى: جێى سه‌رسوڕمانه، ئێمه نه‌مانهێشت وه‌زيرى ده‌ره‌وه له فڕۆكه‌كه‌ى بێته خواره‌وه، كه‌چى وه‌زيرى كاروبارى كۆمه‌ڵايه‌تى توركيا فاتيمه به‌توڵ سيان كايا، ده‌يويست بچێته ناو كه‌مپينێك له رۆتردام و بانگه‌شه بۆ گۆڕينى ده‌ستوورى خۆيان بكات.
روونيشيكرده‌وه، ئه‌مه دواى ئه‌وه بوو، كه حكومه‌تى هۆڵه‌ندا به روونى به توركياى وت، مانه‌وه‌ى وه‌زيره‌كانيان له‌سه‌ر خاكى هۆڵه‌ندا جێى ره‌زامه‌ندى نييه.
هه‌روه‌ها گوتى: ناتوانين له سايه‌ى ئه‌و جۆره بێزاركردنانه‌دا كار بكه‌ين و ئێمه لاى خۆمانه‌وه هێڵى سوورمان كێشاوه.
پۆليسى هۆڵه‌ندا، دوێنێ رێگرى له فاتمه به‌توڵى وه‌زيرى كاروبارى كۆمه‌ڵايه‌تى توركيا كرد و دواى ده‌ستبه‌سه‌ر كردنى تا سنوور پۆليسى ياوه‌رى كرد و ره‌وانه‌ى ئه‌ڵمانيا كرا.