بارزانی و نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان باسی دوای نه‌مانی داعش ده‌كه‌ن

به‌هۆی سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ جان كۆبیس نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان لەبارەی قۆناغی دوای نه‌مانی داعش و ئاسته‌نگه‌كانی ئەو قۆناغە و ڕۆڵی پێكهاتەكان و حكومەتی عێراقی و حكومەتی هەرێم گفتوگۆیان كردووه‌.

نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، بەبۆنەی سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەو تێکشکاندنی تیرۆیستانی داعش و جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆ، پیرۆزبایی لە بارزانی و خەڵکی کوردستان کردووه‌.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ ده‌رباره‌ی قۆناغەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ كراوه‌ و هەردولا بیروبۆچوونی خۆیان لەبارەی قۆناغی دوای داعش و تەحەدیاتی ئەو قۆناغە خستووه‌ته‌ڕوو.

كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و شانده‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان
كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و شانده‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان

هەروەها دابینكردنی ئاساییش و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی پارێزگای نەینەوا ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی گفتوگۆكان بووه‌و شانده‌كه‌ ئامادەیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری دەربڕیووه‌.

شاندی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ بەرز نرخاندووه‌ و بە هۆکاری سەرەکیی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکەی لەقەڵەم داو بەردەوامبوونی ئەو هەماهەنگییەشیان بە پێویست زانیووه‌.

هه‌روه‌ها ده‌رباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی ناوچەكەش قسه‌كراوه‌.