يوكسه‌كداغ هاوسه‌رۆكايه‌تى لێ قه‌ده‌غه كرا‌و و پرۆسه‌ى دادگاييكردنى به‌رده‌وامه
K24 – هه‌ولێر:
دادگای پێنجه‌می سزا قورسه‌كانی ئورفا درێژه‌ی دا به‌دادگاییكردنی هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په، فیگه‌ن یوكسه‌كداغ كه سزای زیندانیكردنه‌كه‌ی یه‌كلایی بووه‌ته‌وه و به‌و هۆیه‌وه له ئه‌ندامێتیی پارته‌كه‌ی دوورخراوه‌ته‌وه.
فیگەن یوكسه‌كداغ كه له دادگای جۆری Fی كۆجائه‌لی-دا به‌ندكراوه، بەده‌نگ و ره‌نگ ئاماده‌ی دانیشتنەكە بوو. هاوكات چوار پارێزه‌ره‌كه‌ی یوكسه‌كداغ-یش ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه بوون.
هه‌ریه‌ك له په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په، ئیبراهیم ئایهان و دیله‌ك ئۆجه‌لان-یش ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه بوون.
له دانیشتنه‌كه‌دا، فیگەن یوكسه‌كداغ تۆمه‌ته‌كان و دوورخستنه‌وه‌ی له ئه‌ندامێتی په‌رله‌مان و پارته‌كه‌ی ره‌تكرده‌وه.
پارێزه‌ره‌كانی یوكسه‌كداغ-یش داوایان كرد دۆسیه‌كانی په‌رله‌مانتاران له‌گه‌ڵ دۆسیه‌كانی دیكه‌ی دیاربه‌كر و ئیستانبوڵدا یه‌كبخه‌ن.
ده‌سته‌ی دادوه‌رانی دادگاكه‌ش بڕیاری دا، به‌مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه له سكاڵانامه‌كانی دادگای 22ه‌می سزا قورسه‌كانی ئیستانبوڵ و دادگای هه‌شته‌می سزا قورسه‌كانی دیاربه‌كر، دانیشتنه‌كه دوابخات.
له سكاڵانامه‌كه‌یدا داوای سزای زیندانی له پێنج ساڵه‌وه تا 15 ساڵ بۆ فیگەن یوكسه‌كداغ كراوه.
رۆژى 9ى ئه‌م مانگه به‌هۆی سه‌پاندنی سزای زیندانی به‌سه‌ریدا، دادگای توركیا ئه‌ندامێتی حزبى له فیگه‌ن یوكسه‌كداغ وه‌رگرته‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی دادگای ته‌مییزی توركیا له 22ی ئه‌یلوولی 2016دا ئه‌و بڕیاره‌ی په‌سه‌ند كرد كه له 27ى تشرینی دووه‌می 2013دا له‌باره‌ی هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په و په‌رله‌مانتاری وان، فیگه‌ن یوكسه‌كداغ ده‌ركرابوو به‌تاوانی پڕوپاگه‌نده‌كردن بۆ رێكخراوی تیرۆریستی، كورسی په‌رله‌مانی له ناوبراو وه‌رگیرایه‌وه.
هه‌روه‌ها به‌هۆی سه‌پاندنی سزای زیندانی به‌سه‌ریدا، دادگا ئه‌ندامێتی حزبى له فیگەن یوكسه‌كداغ وه‌رگرته‌وه.
به‌پێی به‌ندێكی یاسای پارته سیاسییه‌كان ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی تیرۆره‌وه سزا ده‌درێن، نابێت ئه‌ندامی هیچ پارتێك بن. به‌وپێیه فیگەن یوكسه‌كداغ ئه‌ندامێتیی حزبى لێوه‌رگیرایه‌وه و راگه‌یه‌نرا، كه هه‌فته‌ی رابردوو بڕیاره‌كه‌یان پێڕاگه‌یاندووه.
له‌م دۆخه‌دا، فیگەن یوكسه‌كداغ ناتوانێت ئه‌ركی هاوسه‌رۆكایه‌تیی هه‌ده‌په ئه‌نجامبدات.
فیگەن یوكسه‌كداغ كه به‌تۆمه‌تی پڕوپاگه‌نده‌كردن بۆ رێكخراوی تیرۆریستی سزادراوه له ئه‌ندیخانه‌ی جۆری Fی ژنان به‌ندكراوه.
سه‌رچاوه: ئه‌نادۆڵ