دەربارەی ڕاپەڕین و یادکردنەوەی ڕاپەڕين

Kurd24

جەماوەری کوردستان لەم چەند ساڵانەی دوایی کەمتر و کەمتر بایەخ بە یاد و جەژنەکانی ڕاپڕین دەدەن و هەردەڵێی ئەم یادە جوان و پیرۆزەیان وەک پێشان بەلاوە گرنگ نییە و بۆ زۆربەشیان لەجیاتی هەستکردن بەخۆشی و شانازیکردن بە هاوڵاتیبوون و جێبەجێکردنی ئەرکی نیشتیمانی خۆیان لەکاتی پێویست، وەک ڕووداوێكی سارد دێتەوە بیریان و دیمەنەکانی ئەو رۆژ لە  شاشەکانی تەلەفزیۆن لە جیاتی بەخشینی بەختەوەری توڕەیان دەکا.

ئەم هەستە نامۆ و ناخۆشە، تەنیا لای هاوڵاتی ئاسایی دروست نەبووە بەڵکو هەندێك لەوانەی خۆشیان تێیدا بەشداربوون، دەیانەوێ هەتا زووە ڕۆژەکانی پێشەوەی ئازار بڕوا و بەخێڕایی ڕەتبی، وەک ئەوەی کاتی خۆی کارێكی خراپیان کردبی، وەک ئەوەی ئەوان لەم ناخۆشییانەی ئەمڕۆ بەشداربن یان ئەوان بوونەتە هۆ بۆ دروستکردنی ئەو کەشوهەوا سارد و هەستیارەی ئێستا لە کوردستان هەیە.

ورەبەرزکردنەوە و ڕاستکردنەوەی هەستی ئەو لەشکرە ناڕازییە لە دەستەڵاتی منێکی نووسەر و رؤژنامەنووس دانییە، بەڵام دەتوانم بۆ ئەو تێکۆشەرە دێرین و وڵاتپارێزە مەزنانە بنووسم: ڕاپەڕینی 91 شۆڕشێکی مەزنی جەماوەری سەرتاسەری کوردستانییە، دوورینەوەی خەباتێکی دوورودرێژی کوردایەتییە، هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی پڕشنگداری مێژووی کوردییە، دانانی بەردی بناغەی دیموکراتی و لێکتێگەیشتنە، ڕزگاربوون لە ژێردەستی و نزیکبوونەوە لە دروستکردنی دەوڵەتی کوردییە... هتد.

جگە لەوانەی سەرەوە، ڕاپەڕین لایەنێكی زۆر جوان و پڕشنگداری کوردەواری پیشانداین، ئێمەی بۆ ئاست و ژیانێكی بەرزتر و تێرتر و بێترستر برد، بەڵام هێشتا فێرنەبووین وەک پێویست قەدری بگرین، یادی بکەینەوە، بەرزڕایبگرین و شانازی بەم شۆڕشە جەماوەرییەی 26 ساڵ بەر لەئێستا بکەین.

ئێمە دەبی ڕاپەڕین بە گەورەیی و جوانی خۆی، بە دەستکەوتێكی یەکجار مەزنی شۆڕشەکانی کوردی وەربگرین، دەستخۆشی لە پێشمەرگە و بەرەی کوردستانی بکەین، گوڵ بۆ جەماوەری کوردستان بنێرین.

ڕاپەڕین شۆڕشێکی نەرمی زۆر پاکە، بوختان و بێویژدانی بۆهەزم ناکرێ، بۆیە دەبی ڕاپەڕێن وەک خۆی و بەتەنها وەربگرین و بە رۆژەکانی داهاتوو یان ئێستای نەبەستینەوە... ئەگەر کەسێک گروپێک یان تەواوی جەماوەر لەم ڕەوشەی ئێستای هەرێم ناڕازیبن، ئەوەیان بێگومان شتێکی دیکەیە، بەڵام تەنیا لەبەر ئەوەی ڕەوشی سیاسی و ئابووری ئێستای کوردستان خراپە و باشنییە، نابی ڕەخنە لە ڕاپەڕین بگرین و سووکی بکەین. نابی بە نەزانین و هەڵە دوو شت تێکەڵ بکەین، چونکە لەوکات غەدرێکی گەورە لە شەهیدەکانی ڕاپەڕین و بەشداربووانی، لە جەماوەری تێکۆشەر و بەشداربوو دەکەین.

ڕاپەڕین بەری ڕەنجی کەسێک نییە، دووان نییە و هەزارانیش نییە، بەڵکو لە ئەنجامی خەباتی بێکۆتایی دوا پەنجا ساڵەی کورد هاتە بەرهەم و لەم کاروانە پیرۆز و جوانە دەیان و سەدان هەزار کەس راستەوخۆ تێیدا بەشداربوون و هێشتا زۆر زیاتریش پشتیوانیان لێیدەکرد.

ئەگەر ئێمە ئەو هەقیقەتەی سەرەوەمان لەسەر ڕاپەڕین زانی و بیرمان لێیکردەوە، ئاسانتر لە گەورەیی ڕاپەڕین دەگەین، بەتایبەتیش لەوکاتەی دەزانین ڕاپەڕین بۆ پارە و کورسی ئەنجام نەدرا، بەڵکو راپەڕین پێویستیێكی مێژوویی بوو لەکات و ساتی خۆی سەریهەڵدا و کورد تێیدا بەسەر دوژمنێكی کۆن و پیس و ڕەگەزپەرست زاڵبوو.

نابی لە ڕوانگەی تەسک و بەرژەوەندی تایبەتی خۆمان بیر لە ڕاپەڕین بکەینەوە، نابی خەباتی کوردایەتی و ڕاپەڕین بۆ تێرکردنی ئارەزووەکانی خۆمان، بۆ وەرگرتنی کورسی و پلەوپایە بەکاربێنین. نابی خەم بە شۆڕشێک بە ڕاپەڕینێکی سەرکەوتوو بخۆین، لەماوەی دوو هەفتە هەموو کوردستانی لە دوژمن پاککردەوە، کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لەماوەی پەنجا ساڵ بۆ ئەوڕۆژە تێکۆشان و خەباتیان کرد، بەداخەوەش زۆر لەوان شەهیدبوون و نەیانبینی... دەبی فێربین دەرس لە ڕاپەڕین وەربگرین و شانازیش بەڕاپەڕین بکەین، بە خەبات و کوردبوونی خۆمان بکەین.

لەوکاتەی بیر لە ڕاپەڕێن دەکەینەوە، دەبی یەکڕیزی کوردمان بێتەوە بیر، تەبایی و خەباتی جوانی پێشمەرگەی کوردمان بێتەوە بیر، چونکە ڕاپەرین دەستکەوتێكی مەزنی کورد و گەلانی کوردستانە، لەسەر هیچ حزب و ڕێکخراوێكی سیاسی تاپۆ نەکراوە و موڵکی هەمووانە.