به‌غدا "خراپترین" شاره بۆ ژیان و ڤیه‌نناش یه‌كه‌مه
K24 - هه‌ولێر:
به گوێره‌ی ریزبه‌ندی كۆمپانیایه‌كی تایبه‌تمه‌ند، به‌غدای پایته‌ختی عێراق، به خراپترین شار داده‌نرێت له جیهان بۆ ژیان و ڤیه‌ننای پایته‌ختیش نه‌مساش باشترینه.
به گوێره‌ی ریزبه‌ندی كۆمپانیای میرسێر، بۆ راوێژكاری سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی ژیان، له شاره جیاجیاكانی وڵاتان، به‌غدای پایته‌ختی عێراق، له كۆتایی لیسته‌كه دێت و له ریزبه‌ندی 231ه‌مین دایه, به یه‌كێك له خراپترین پایته‌خت داده‌نرێت بۆ ژیان.
ڤیه‌ننای پایته‌ختی نه‌مسا، كه ده‌كه‌وێته سه‌ر رووباری دانوب, له كیشوه‌ری ئه‌وروپا، بۆ ساڵی هه‌شته‌م، له‌سه‌ر یه‌ك، له سه‌رووی لیسته‌كه‌دایه و ریزبه‌ندی یه‌كه‌می گرتووه.
پۆلێنبه‌ندییه‌كه، به هاوكاری ژماره‌یه‌ك كۆمپانیا و رێكخراوی تایبه‌تمه‌ند ئه‌نجامدراوه و 231 شاری له خۆ گرتووه و ره‌چاوی پێوه‌ره‌كانی وه‌كو مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی حكوومه‌ت، سه‌قامگیری سیاسی، چاودێری ته‌ندروستی، پرۆسه‌ی خوێندن، رێژه‌ی تاوان، ئامرازه‌كانی سه‌رگه‌رمی و كاتبه‌سه‌ربردن و هێلی گواستنه‌وه‌ی گشتی، كراوه.
هه‌ریه‌ك له شاره‌كانی له‌نده‌ن، پاریس و نیویۆرك، له دواوه‌ن و ته‌نانه‌ت نه‌هاتوونه‌ته ریزبه‌ندی 30 باشترین شاره‌كانیش، به‌پێچه‌وانه‌وه شاره‌كانی ئه‌ڵمانیا، كه‌نه‌دا، نیوزیلاند، ئوسترالیا و وڵاتانی ئه‌سكه‌نده‌ناڤی هاتوونه‌ته پێشه‌وه.
له‌سه‌ر ئاستی ئاسیا، شاری سه‌نگافووره‌ى پایته‌ختی سه‌نگافووره، یه‌كه‌مه و له ریزبه‌ندی 25ه‌مینه له‌سه‌ر ئاستی جیهان، سانفرانسيسكۆی ئه‌مه‌ریكاش، به یه‌كه‌م داده‌نرێت له‌سه‌ر ئاستی ئه‌و وڵاته و له ریزبه‌ندی 29یه‌مین دایه.
له كیشوه‌ری ئه‌فریقاش، شاری دربانه هاتووه و له ریزبه‌ندی 87ه‌مینه له‌سه‌ر ئاستی جیهان.
له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی عه‌ره‌بیش، شاری دوبه‌ی یه‌كه‌مه و له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش 74ه‌مین شاره بۆ ژیان.