ئه‌ردۆغان: هۆڵه‌ندييه‌كان روويان ره‌شه‌

چونکە ئێمە هۆڵەندا و هۆڵەندییەکان لە کۆمەڵکوژییەکەی سربرێنیتساوە، دەناسین

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆك کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، ''تەنانەت لە جەنگیشدا تەقە لە تیمەکانی تەندروستی ناکرێت، بەڵام ئەگەر کەسێک وەک هۆڵەندییەکان بێت، دەیکات، چونکە ئێمە هۆڵەندا و هۆڵەندییەکان لە کۆمەڵکوژییەکەی سربرێنیتساوە، دەناسین''.

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە رێورەسمی جەژنی پزیشکیدا کە لە ناوەندی بەشتەپە بۆ کولتوور و کۆنگرەکان بەڕێوەچوو، بەشداریی کرد و گوتارێکی پێشکەش کرد.

ئەردۆغان گوتيشى: دەزانین کە ئەوان چەندێک خراپن لەوبارەیەوە لەوەی کە 8 هەزار بۆسنییان بە چ شێوەیەک کوشت، لەوێوە دەیانناسین. زۆر چاک ئەوانە دەناسین. با هیچ کەس وانەی شارستانێتیی و شارستانیبوون بەئێمە نەڵێتەوە، ئەم میللەتە رووی سپییە، بەڵام ئەوان روویان رەشە''.

ئه‌ردۆغان گوتيشى: ''چۆن گەشەسەندنی تورکیا بووەتە هیوا بۆ کەسانێک، دڵنیابن لەوەی کە بووەتە دێوەزمە بۆ هەندێک لایەنی دیکەی وەک ئەڵمانیا و هۆڵەندا''.

رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاشکرای کرد ئەوانەی کە بەتورکیای کۆن راهاتوون، لەبەر ئەوەی هەڵوێستی ئەمڕۆی تورکیایان بۆ قبووڵ ناکرێت، دەستیان بەپێشێلکردنی بەهاکانی خۆیان، مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان کردووە و هەموو شتێکیان تێکداوە بەسەر یەکدا.

گوتیشی: "چەندین جار گوتبوومان کە پێویستە وڵاتانی ئەورووپا واز لە دژایەتیکردنی بیانییەکان بهێنن کە زیانی زۆری لێدەکەوێتەوە. بەداخەوە رووداوەکانی ئەم هەفتەیەی دوایی پیشانیدا کە نیگەرانییەکانمان لەجێگەی خۆیاندا بوون. ئەو بێڕێزیەی شەوی شەممە بەرامبەر وەزیری خێزان و سیاسەتی کۆمەڵایەتی کرا تەنها بێڕێزی نەبوو بەرامبەر تورکیا و گەلی تورک و تاکێکی ئەم گەلە، بێڕێزی بوو بەرامبەر یاسای نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەتیش".

ئەردۆغان ئه‌وه‌شى گوت: "ته‌واوی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، رێككه‌وتننامەی ڤییه‌نا و به‌هاكانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا، له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هۆڵه‌نداوه‌ خراوه‌ته‌ ژێر پێ. ئه‌و دیموكراسییه‌تەی ئه‌ورووپا به‌رگریی لێده‌كات و بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات، ئیدی به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌كانی وه‌ك ئازادیی راده‌ربڕین، ئازادی كۆبوونه‌وه‌، رێزگرتن له‌ ژن و رێزگرتن له‌ مرۆڤ، له‌به‌رچاوی ملیارەها مرۆڤدا له‌ناوچووه‌. هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ خاوه‌ندارێتی له‌م بێ شه‌رمییه‌ی هۆڵه‌ندا ده‌كه‌ن، شكۆ و متمانه‌یان له‌ده‌ستداوه‌. نوێنه‌ری ئه‌ڵمانیا‌ ده‌ڵێت، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هۆڵه‌نداین. خۆمان ده‌زانین كه‌ تۆ جیاوازیت نییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وان".

رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها گوتی: "چەند هەوڵدەدەن و خۆیان رادەپسکێنن، با بیکەن، دانایی گەلەکەمان فێڵ و تەڵەکەکانیان هەڵدەوەشێنێتەوە. ئەوانەی کە لە راپرسييه‌كه‌ى تورکیادا بەڕوونی لایەنگریی دەکەن، ئەوانەی کە هەڵمەتی بانگەشەیان دەستپێکردووە، گەلەکەمان لە 16ی نیسان بەشێوەیەکی زۆر جوان وەڵامێکی شایستەیان دەداتەوە".

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی هەڵبژاردنەکانی هۆڵەنداوە دوا و رایگەیاند "سبەی لەوێ هەڵبژاردن هەیە، کەسێکی رەگەزپەرست لەهەوڵی بردنەوەیدایە، کەسێکی دیکەش کە لە ئێستادا لەدەسەڵاتدایە، ئەوانە هەردووکیان رکابەریی یەکتر دەکەن. منیش لێرەوە رووی قسەکانم دەکەمە هۆڵەندا و ئەڵمانیا و بەهاووڵاتییانی تورکیا لەوێ دەڵێم، ئەوانەی کە دوژمنایەتی بەرامبەر بەتورکیا پەرە پێدەدەن، ئەوانەی کە دوژمنایەتیی هەموو بیانییەکان و موسوڵمانان دەکەن، 'کە دەنگتان دا، ئاگاداربن لەوەی دەنگ نەدەن بەو جووتە'. بەڕوون و ئاشکرا دەیڵێم. ئەوەش دەڵێم کە چەندێک لێرەوە بەمەبەستی بانگەشە بۆ 'نەخێر' هاتبێتنە ئەوێ، نەکەن پێیان هەڵخەڵەتێن. ئەمە شتێکی جودایە. ئەوانەی کە بەرامبەر تورکیا، گەلی تورک و وەزیرەکانی بەو جۆرە رەفتار دەکەن، خاکی کۆنسوڵخانەی ئێمە، لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا واتە خاکی ئێمە. ئەو وڵاتە ناتوانێت دەست لەو شوێنە وەربدات. ئەگەر وابێت ئەوا ئێمەش باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی ناو تورکیامان بەڕووی هاتنە ژوورەوە و چوونە دەرەوەدا داخستووە''.

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: "لەسەرەتادا لە هەموو پلاتفۆرمەکان لەسەروویانەوە، رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامیی، کە لەم قۆناغەدا تورکیا سەرۆکایەتی دەکات، هەوڵەکانمان لە بەرەنگاربوونەوەی هەستی دژایەتیکردنی بیانییەکان، رەگەزپەرستی و دژایەتییکردنی ئیسلام چڕدەکەینەوە. چونکە ئەم بابەتە ئیدی تەنها پەیوەندی نییە بەتورکیاوە. ئیدی ئەو رووە ناشیرینەی فاشیزم کاریگەری دەکاتە سەر هەموو موسوڵمانانی ئەورووپانشین و تەواوی بیانییەکان".

سه‌رچاوه‌: ئه‌نادۆڵ.