ئەمریكا داوای رادەستكردنی مەترسیدارترین تیروریست دەكات

تۆمەتبارە بە پیلانگیری بۆ بەكارھێنانی چەكی كۆمەڵكوژ دژی ھاووڵاتیانی ئەمریكا

K24 ـ ھەولێر

وەزارەتی دادی ئەمریكا رۆژی سێشەممە 14 ئادار 2017 ھاووڵاتییەكی ئوردنی خستە ناو لیستی "مەترسیدارترین تیروریستی داواكراوی نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی-FBI"، كە لە ساڵی 2001 بەشداری لە ھێرشێك بۆ سەر خواردنگەیەكی پیتزا لە قودس/ئورشەلیم كرد و بە ھۆیەوە 15 كەس كوژران و ھەندێكیان ھاوڵاتی ئەمریكی بوون و 122 دیكەشی بریندارببوون.

وەزارەتی دادی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە "ئەحلام عارف ئەحمەد تەمیمی" ئەو ژنە 30 ساڵییە تۆمەتبارە بە "پیلانگیری بۆ بەكارھێنانی چەكی كۆمەڵكوژ دژی ھاووڵاتیانی ئەمریكا لە دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان".

دادگای ئەمریكا دەتوانێ حوكمی سێدارەدان یان زیندانیی ھەتاھەتایی بەسەر تەمیمی بسەپێنێت، بەڵام دەستووری ئوردن رادەستكردنی ھاووڵاتییانی خۆی بە ووڵاتانی دیكە رەتدەكاتەوە.

تەمیمی بۆ ماوەی ھەشت ساڵ لە زیندانێكی ئیسرائیلدا بوو و لە 18 تشرینی یەكەمی 2011 پاش رێكەوتنێكی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس بۆ گۆڕینەوەی ئێخسیرەكانیان ئازادكرا و بۆ ئوردن گەڕایەوە.

بە پێی رێككەوتنەكە 1027 ئێخسیری فەڵەستینی بەرامبەر ئازادكردنی گەلعاد شالیت تاكە سەربازی ئێخسیری ئیسرائیلی ئازادكران.

وەزارەتی دەرەوی ئەمریكا پاش 16 ساڵ بەسەر رووداوەكە، تۆمەتباركردنی تەمیمی بە گواھیدەرێك بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە "ئەو تیرۆریستانە لە بیر خۆیان نابەنەوە كە لە ھەر شوێنێكی جیھان ھاووڵاتیانی ئەمریكایی دەكەنە ئامانج".

  • ئەحلام لە ساڵی 1980 لە ئوردن لە دایكبووە.
  • پێشكەشكاری بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنێكی لۆكالی لە رامەڵڵا بووە.
  • بە رەگەز خەڵكی فەڵەستینە و یەكەم ژنە بە ھێزێكی چەكداری حەماس، "عز الدين القسام" پەیوەست بوو.
  • پاش بەشداریكردن لە تەقینەوەی رۆژی 9 ئابی 2001 لە قودس، حوكمی زیندانیكردنی 16 ساڵ بەسەردا سەپێنرا.
  • پاش رێكەوتنێكی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس بۆ گۆڕینەوەی ئێخسیرەكانیان لە ساڵی 2011 ئازادكرا.
  • JS