ئیسرائیل موشه‌كه به‌رگرییه‌كانی سوریا ده‌ته‌قێنێته‌وه
K24 ـ هه‌ولێر
سوپای ئیسرائیل راده‌گه‌یه‌نێت فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر موشه‌كه دژه فڕۆكه‌كانی سوریا و یه‌كێ له موشه‌كه به‌رگرییه‌كانی له ئاسماندا ته‌قاندووه‌ته‌وه، ئه‌وكاته‌ی ئاراسته‌ی فڕۆكه‌كانی كراون.
ده‌شڵێت ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌ی موشه‌كه‌كانی سوریا له‌م هێرشه‌دا به دووری ده‌یان مایل بیستراوه، له‌وانه له شاری قودس/ئورشه‌لیم.
گوته‌بێژێك به ناوی سوپای ئیسرائیل رایگه‌یاند " له ماوه‌ی ئه‌م هێرشه‌دا چه‌ندین موشه‌كی دژه فڕۆكه‌ی سوریا ئاراسته‌ی فڕۆكه‌كانی ئیسرائیلی كران و یه‌كێكیان له لایه‌ن فڕۆكه‌كانه‌وه ته‌قێنرایه‌وه".
ئیسرائیل تا ئێستا چه‌ندین هێرشی هه‌وایی له‌ناو سنووری سوریا ئه‌نجامداوه، له‌و هێرشانه‌دا چه‌ندین كاروانی كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی بۆ حزبوڵڵای لوبنان به ئامانج كراون، به تایبه‌تی له كاتی به قاچاغبردنیان بۆ لوبنان.
گوته‌بێژه‌كه‌ی سوپای ئیسرائیل گوتیشی له ماوه‌ی شه‌ش ساڵی رابردوو، یه‌كه‌مجاره مووشه‌كه‌كانی سوریا فڕۆكه‌كانی ئیسرائیل ده‌كه‌نه ئامانج.
سوپای ئیسرائیل شوێنی به ئامانجكردنی سیسته‌می به‌رگری موشه‌كی سوریای ئاشكرا نه‌كردووه.