شەڕی نێوان مەلا بەختیار و بەھرۆز گەڵاڵی بەردەوامە

"تۆ مێژووت هەمووی قەڵبەیە بۆیە پێویست بە لەکەدار کردن ناکات، لەوە بچوکتریت بگەیتە داوێنی هیچکام لەو شوڕشگێڕانە"

K24 - ھەولێر

شەڕە قسەی نێوان مەلا بەختیار و بەھرۆز گەڵاڵی بەردەوامە و رابەر قەرەداغی كە یەكێكە لەو نووسەرانەی لەسەر وتارێكی بەھرۆز گەڵاڵی دژی مەلا بەختیار بۆچوونی خۆیی خستبووەڕوو، دوایی ئەوەی بەھرۆز گەڵاڵی وتاری ئەو نووسەرە و نووسەرێكی دیكەی بە وتاری خودی مەلا بەختیار ناوبرد، لە دوایین وەڵامدا بۆ بەھرۆز گەڵاڵی كە وەك وتار بۆ كوردستان24 ناردویەتی، رابەر قەرەداغی دەڵێ: " بەهرۆز زۆر بە روو قایمیەوە دەستی داوەتەوە قەڵەم و لە چەند خاڵێکدا هەندێ تۆمەتی ناڕەوای دیکەی بەخشیوەتەوە بۆ خۆ پاکردنەوە لە مێژووە پڕ شەرمەزاریەکەی".

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەدا رابەر قەرەداغی نووسیویەتی: "بەهرۆز گەڵاڵی پێم خۆشە جەنابتان ئەوەتان بیر نەچێت کە ئەوە مێژووە بڕیار دەدات کێ خائین و فایلدارە نەک لیژنە چونکە ئێمە نموونەیەکی جوانمان نییە لەگەڵ لیژنە و لیژنەکاری و هەمیشە لەم هەرێمە لیژنە بۆ پەردەپۆش کردنی ناشرینیەکان دروستکراون. دواتر باسی ترسی مەلا بەختیار دەکەیت لە دوای خوێندنەوەی وتارەکەی لە ئەنقەرە و داواکردنی ئازادی بۆ ئۆجەلان پێم خۆشە جەنابتان لەوە دڵنیابن کە مەلا بەختیار هێندە سیاسیەکی کورت بین نییە کە قسەیەک بکات و دوای دە دەقیقە لێی پاشگەز بێتەوە مەجبور بە پارێزگاریی پیاوێکی خائینی فایلداری وەک جەنابتان بێت!".

ھەر لە وەڵامەكەیدا بۆ بەھرۆز گەڵاڵی رابەر قەرەداغی دەڵێت: "باسی ئاڵای شۆڕش کردوە و بە خیانەت ناوت بردوە. پێمخۆشە پێت بڵێم کە تۆ زۆر لەوە بچوک تریت بگەیتە داوێنی هیچکام لەو شوڕشگێڕانەی ئەو سەردەمە بڕیاری دروستکردنی ئاڵای شۆڕشیاندا لەو پێناوەشدا سەربەرزانە لەسەر بیروباوڕێک کە باوەڕیان پێی بوو ئازار و ناڕەحەتی زۆریان چەشت کە بە شانازیەوە من کوڕی یەکێک لەو کەڵە پیاوانەم و شانازیش بەو رابردوەی باوکمەوە دەکەم" .

ھەروەھا دەشڵێت: "بەهرۆز هێندە شپرزە بویت سەرکردایەتی یەکێتیت لێ بۆتە سەندیکای رۆژنامەنوسان و داوا دەکەیت لەسەر بڵاوکردنەوەی وتارێک لە ماڵپەڕێک کە تەنها خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ مەلا بەختیار هیچ ئاگاداری وردەکاری کار و بڵاوکردنەوەکانی نییە لێپێچینەوەی لەگەڵ بکەن بۆیە پێت دەڵێم کەرداش فایلەکەتت باش".

لە وەڵامەكەی رابەر قەرەداغی بۆ بەھرۆز گەڵاڵی ھاتووە: "ئاماژەت بە چەند دۆسیەیەکی نادیار داوە لەسەر کاک بەختیار و داوا دەکەیت لە پۆستەکەی دور بخرێتەوە بۆیە پێم خۆشە جەنابت و هەموو ئاغاکانیشت ئەوە بزانن ئەو پۆستەی مەلا بەختیار شەرعیەتی کۆنگرەی هەیە و وەک جەنابت بە یانصیب بۆی دەرنەچووە تا کەس بتوانێت لێی وەرگرێتەوە. بۆ لێکۆڵینەوەش لە تۆ ئەوە مێژوو لێکۆڵینەوەت لەگەڵ دەکات و سزات دەدات نەک لیژنە. دڵنایشبە لەوەی مەلا بەختیار هەرگیز دەستبەرداری 50 ساڵ مێژووی پڕ خەبات و تێکۆشانی خۆی نابێت لەناو یەکێتی و گۆڕەپانەکەش بۆ جەنابت و ئاغا نەوت فرۆش و خاک فرۆشەکانت چۆڵ ناکات".

لە وتارەكەیدا رابەر قەرەداغی بە بەھرۆز گەڵاڵی دەڵێ: "ئابی پێم باشە پاڕێزەرەکەت ئاگادار بکەیت داوا یاساییەکەت لەسەر من تۆمار بکات و لاتانەی ئیفلاسە سیاسیەکەت بە کەسێکی دیکە نەفرۆشیت. پێم باشە ئەم وەڵامە جێبهێڵم بۆ ئاغاکانت لە سەرکردایەتی تا بزانن هۆکاری نیگەرانی مەلا بەختیار و بەشداری نەکردنی لە کۆبونەوەی سەرکردایەتی دەستکاری نەخشە ڕێگاکەی یەکێتی بووە یان بەتاڵان بردن و نەبونی سیستەمی حیزبایەتی بووە لەناو یەکێتی.؟

لە كۆتایشدا نووسیویەتی: "بەهرۆز تۆ مێژووت هەمووی قەڵبەیە بۆیە پێویست بە لەکەدار کردن ناکات....".

رابەر قەرەداغی نووسەری وتارەكە كە وەڵامی بەھرۆز گەڵاڵی داوەتەوە
رابەر قەرەداغی نووسەری وتارەكە كە وەڵامی بەھرۆز گەڵاڵی داوەتەوە