ئەمریكا: كوشتنی بەغدادی لە ئانوسات دایە

زۆربەی یاریدەدەرانی بەغدادی كوژراون

K24 - ھەولێر

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رێكس تێلرسۆن رایگەیاند زۆربەی یاریدەدەرانی ئەبوبەكر بەغدادی كوژراون و كوشتنی خودی ئەویش تەنھا پرسی كاتە و لە ئانوست دایە.

تێلرسۆن لە كۆبوونەوەیەكی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش لە واشنتۆن رایگەیاند زۆربەی سەركردەكانی داعش كوژراون، لەوانە پلاندانەرانی ھێرشەكانی بروكسل، پاریس و ناوچەكانی دیكە.

گوتیشی چارەنووسی بەغدادی بە كاتەوە بەستراوەتەوە و لە ساڵی 2016 رێژەی خۆ ریكخستنەوەی داعش 90% دابەزیوە و بۆ پێشیگرتنی بە دووبارە خۆ رێكخستنەوەی داعش ھاوكاری ھەواڵگری نێوان وڵاتانی ئەندامی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ھەیە.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا باس لە ھەوڵەكانیان بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام كرد و لەمبارەوە گوتی بۆ ئەوەی كۆچبەران بۆ ماڵەكانیان بگەڕێنەوە و ئاگربەست بەردەوام بێت، ھەوڵی دامەزراندنی ناوچەی ئارام دەدەن.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رێكس تێلرسۆن
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رێكس تێلرسۆن