یاداشتی سەركردەكانی یەكێتی دۆخی ناوخۆی حزبەكە ئاڵۆزتر دەكات

"ئەم "شەڕە دەنووكە" و هەوڵدان بۆ شكاندنی یەكتر هەموو سنوورەكانی بەزاندووە و پێشمان وایە ئەم كولتوور و داهێنانە لەخودی لێپرسراوی دەستەی كاڕگێڕەوە سەرچاوەی گرتووە"

K24 - سلێمانی

دوێنێ ژمارەیەك سەركردەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، یاداشتێكی ناڕەزاییان ئاراستەی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی و مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی ناوەندی حزبەكەیان كرد، لە یاداشتەكەدا ھاتووە، ئەم "شەڕە دەنووكە" و هەوڵدان بۆ شكاندنی یەكتر هەموو سنوورەكانی بەزاندووە و پێشمان وایە ئەم كولتوور و داهێنانە لەخودی لێپرسراوی دەستەی كاڕگێڕەوە سەرچاوەی گرتووە".

لەبارەی ئەو یاداشتە، مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی  نیشتیمانی کوردستان بە کوردستان24 گوت: "من ئاگاداری ئەو بابەتە نیم، بەڵام پێویستە ھەرکەسێک داوایەک دەکات ھەر داخوازییەکی ھەبێت ناوی خۆی بنوسێت".

گوتیشی: "کاری حزبی دیارە، پۆست بۆ مەلا بەختیار یان ھەر کەسێکی دیكە تاپۆ نەكراوە، لەبەرئەوە ئەو جۆرە داوایانەش رێکاری حزبی و شێوازی خۆیان ھەیە، با داواش بکرێت زۆر ئاساییە، بەڵام ئێستا کاتی نییە، چونکە ئێمە داوای ئەوە دەکەین وردە وردە کێشەکانی ناوخۆمان چارەسەر بکەین و خاڵەکانی نەخشە رێگاکە جێبەجێ بکەین".

ھەر لەوبارە  زوبێر عوسمان  جێگیری  سەرۆكی  ئەنجوومەنی  ناوەندی یەکێتی  نیشتمانی کوردستان بۆ کوردستان24 ئاشكرای كرد"تا ئێستا  ئەو  یاداشتە  ئاراستەی  ئەوان  نەکراوە، ئەگەر ئاراستەی  ئەوانیش کرا، ئەوە لەگەڵ  یاداشتێکی لەو جۆرە نین،  بە تایبەتی لە ئێستادا کە بارودۆخی  ناوخۆی  یەکێتی بەرەو  ھێمن  بوونەوە و چارەسەری  ناکۆکییە ناوخۆییەكان دەچێت".

 

دەقی یاداشتەكەی ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی

بابەت / یاداشتی ناڕەزایەتی

ئێمە وەك و ژمارەیەك لە سەركردایەتی یەكێتی بەم یاداشتە ناڕەزایەتی و ئەوپەڕی بێزاری خۆمان دەردەبڕین لە پای ئەم دۆخەی یەكێتی پێدا گوزەر دەكات بە دروست بوونی ئەم (شەڕە دەنووكە ) نەخوازراوە و هەوڵدان بۆ شكاندنی یەكتر كە بەداخەوە هەموو سنورەكانی بەزاندووە وپێشمان وایە ئەم كەلتورو داهێنانە لەخودی (ل. دەستەی كاڕگێڕەوە) سەرچاوەی گرتووە . بۆیە ئێمە بە د یاری كراوی دەمانەوێت گۆڕانكاری لەدەستەی كارگێڕ بەگشتی بكرێت چونكە بەداخەوە ئەم دەستەیە و بە دیاری كراویش لێپسراوەكەی كە مایەی زۆرێك لە كێشەكانەو لە پای ئەم هەموو لادانە لە پرنسیپ و دسپلینی حزبی وماوەی ئەم سێ ساڵە لەلایەن ئەم هەڤاڵەوە پیادە دەكرێت كە ئاماژە بەهەندێكیان دەكەین وەك:..

 یەكەم / دەپرسین ئەم هەموو دەسەڵاتە رەهایە حزبی ومادییە لە كوێووە دراوە بەوهەڤاڵە؟

دووەم / ئەو هەموو لێدوانە ناپێویستانە ی دراون كە شەقام وقاعیدەی یەكێتی توڕە كردووە و باجیشمان داوەتەوە بۆ؟

سێیەم / ئەم هەموو سەفەركردنە بۆ هەموو قاڕەكانی جیهان (سەفەری مەكۆكی ) زۆرانە بەرهەمەكانی چی بوون؟

چوارەم / هەبوونی ئەم ( پلاتفۆڕمی دابڕانە) لە ناو یەكێتی بە بڕیاری كێ ؟ بەڕاوێژووپرسی كێ ؟ بۆ چی دامەزراوەو هۆكارچییە ؟ ئایا رێگا پێدراوە حیزب لە ناوحیزب دروست بكرێت؟ ئەمانە و چەندین پرسیاری ترهەن كە پێویستە بكرێن. سەرەنجام ئێمە دەپرسین و داواش دەكەین ئایا كاتی نەهاتووە گۆڕانكاری لە دەستەی كاڕگێربەگشتی بكرێت و دەستەیەكی نوێ دیاری بكرێت ؟؟

لەگەڵ رێزماندا ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی