ھێرشكارەكەی لەندەن بە تەنیا ھێرشەكەی ئەنجامداوە
K24 - ھەولێر
تێریزا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند "ھێرشکارەکە لەلایەن دەزگا ھەواڵگرییەکانی وڵاتەكەی ناسراوە و لەدایکبووی بەریتانیایە و لە رۆژانی داھاتووشدا زانیاری زیاتر لەبارەی ھێرشەکەوە ئاشکرا دەکات".
مەی لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی سەبارەت بە ھێرشەکانی رۆژی چوارشەممەی رابردوو لەندەن گوتی ئەوان ناترسن و ژیان لە بەریتانیا ئاسایی بووەتەوە.
گوتیشی "بەرەبەیانی ئەمڕۆ پۆلیس لە دوو ئۆپەراسیۆنی تایبەتدا لە بێرمینگھام و لەندەن چەند شوێنێکیان پشکنیوە و ھەشت کەسیشیان دەستگیر کردووە. بەڵام تا ئێستا پێمان وایە ھێرشكارەکە بە تەنیا ئەو کارەی کردووە و ھیچ ترسێکیش نییە ھێرشی دیکە ئەنجام بدرێت".
رۆژی چوارشەممەی رابردوو ھێرشكارەكە لە سەر پردی وێست مینستێر لە ناوەڕاستی لەندەن و نزیك لە كاتژمێری بیگبەن و پەرلەمانی بریتانیا بە ئۆتۆمبیل بەسەر خەڵك كەوت و دواتر بە چەقۆیەك ھێرشی كردە سەر پۆلیس و كوشتی، پێش ئەوەی بكوژرێت.
لەم ھێرشەدا چوار كەس كوژران و 40 دیكەشی برینداربوون و 29یان لە نەخۆشخانە چارەسەریان بۆ دەكرێت.