داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ھێرشەكەی لەندەن راگەیاند

ئەنجامدەری ھێرشەكەی لەندەن "یەكێ لە سەربازەكانی داعش" بووە

K24 - ھەولێر

داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ھێرشەكەی لەندەن راگەیاند.

ئاژانسی ئەعماقی سەر بە رێكخراوی داعش بڵاوی كردەوە ئەنجامدەری ھێرشەكەی لەندەن "یەكێ لە سەربازەكانی داعش" بووە.

لە ھێرشی رۆژی چوارشەممەی رابردووی لەندەن لە نزیك پەرلەمان چوار كەس كوژران و 40 دیكەشی برینداربوون.

ھێرشكارەكە لە سەر پردی وێست مینستێر لە ناوەڕاستی لەندەن و نزیك لە كاتژمێری بیگبەن و پەرلەمانی بریتانیا بە ئۆتۆمبیل بەسەر خەڵك كەوت و دواتر  بە چەقۆیەك ھێرشی كردە سەر پۆلیس و كوشتی، پێش ئەوەی بكوژرێت.

تێریزا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەی گوتی ھێرشکارەکە لەلایەن دەزگا ھەواڵگرییەکانی بەریتانیاوە ناسراوە و لەدایکبووی بەریتانیایە و لە رۆژانی داھاتووشدا زانیاری زیاتر لەبارەی ھێرشەکەوە ئاشکرا دەکەن.