ئەوروپا داوای رونكردنەوە لە ئەردۆغان دەكات

ھیچ ھاووڵاتییەكی ئەوروپی لە جیھاندا ئاسایشی نابێت

K24 - ھەولێر

كۆمیسیۆنی ئەوروپا  لە بارەی لێدوانەكانی بەرامبەر یەكێتی ئەوروپا داوای رونكردنەوە لە سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان دەكات.

كۆمیسیۆنی ئەوروپا بۆ ئەم مەبەستە باڵیۆزی توركیای لە یەكێتی ئەوروپا بانگھێشت كرد و چاوەڕێی رونكردنەوە لە ئەردۆغان دەكات بە ھۆی ئەو قسانەی بەرامبەر یەكێتی ئەوروپای كردبوو.

ئەردۆغان لە وتەیەكدا وڵاتانی ئەوروپای كردە ئامانج و گوتی "ئەگەر بەم شێوەیە لە مامەڵە كردن بەردەوام بن، سبەینێ لە ھیچ شوێنێكی دونیا ھیچ ھاووڵاتییەكی ئەوروپی و رۆژئاوایی لە سەر شەقام ئاسایشی نابێت.

لە ماوەكانی رابردوو بە ھۆی پێداگریی بەرپرسانی توركیا لەسەر ئەنجامدانی كۆبوونەوە لەگەڵ رەوەندی توركی لە وڵاتانی ئەوروپا بۆ بەدەستھێنانی پشتگیریان بۆ ریفراندۆمی دەستوور و رێگەنەدانی وڵاتانی ئەوروپا بۆ ئەم مەبەستە، پەیوەندییەكانی نێوانیان ئاڵۆزی تێكەوت و بەھۆیەوە بەرپرسانی توركیا بە تایبەتی سەرۆك كۆمار بە توندی ھێرشی كردە سەر بەرپرسانی ئەوروپا و بە فاشیست و پاشماوەی نازییەكانی تۆمەتبار كردن.