پۆلیس: ھێرشكارەكەی لەندەن بووەتە موسڵمان

پێشینەی تاوانكاری ھەبووە و پێدەچێت لە زینداندا ئیسلامی ناسیوە و بووەتە موسڵمان

K24 - ھەولێر

پۆلیسی لەندەن رایگەیاند خالد مەسعود 52 ساڵی ئەنجامدەری ھێرشەكەی رۆژی چوارشەممەی رابردووی لەندەن لە شاری دارتفۆرد لە باكوری بریتانیا لە دایكبووە و پێشتر ناوی ئەدریان راسل ئاجائۆ بووە و پاش ئەوەی بووەتە موسڵمان ناوی خۆی گۆڕیوە. دواترین شوێنی ژیانیشی ناوچەی وێست میدلەند لە باكووری رۆژئاوای ئینگلتەرا بووە.

پۆلیسی بریتانیا دوایین زانیارییەكانی لە بارەی ھێرشكارەكەی لەندەن خستەڕوو و گوتی ھێرشكارەكە پێشینەی تاوانكاری ھەبووە، لە وانە بەھۆی تاوانی لێدان و برینداركردنی خەڵك و ھەڵگرتنی چەكی سارد و تێكدانی ئاسایشی گشتی دەستگیر و مەحكوم كرابوو.

گوتیشی یەكەم تاوانی ھێرشكارەكەی لەندەن زیان گەیاندنی بە ئەنقەست بە سامانی گشتی بووە لە ساڵی 1983 و دواترینیشی ھەڵگرتنی چەقۆ لە شوێنە گشتییەكان لە ساڵی 2003 بووە.

بە گوتەی پۆلیس، خالید مەسعود لە ساڵانی رابردوو چەندین ناوی بەكارھێناوە، بەڵام پاش ئەوەی بووەتە موسڵمان ناوی خالید مەسعودی ھەڵبژارد و پێدەچێت لە زیندان ئیسلامی ناسیوە و بووەتە موسڵمان.

رۆژنامەكانی بریتانیا زانیاریی زیاتریان لە پۆلیس بڵاو كردووەتەوە.

ئەم رۆژنامانە بڵاویان كردەوە خالید مەسعود بەر لە ئەنجامدانی ھێرشەكەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو چەندین جار سەردانی لەندەنی كردووە، بەڵام دیار نییە ئامانجی لەم سەردانانە دارشتنی پلانی ھێرشەكە بووە.

رۆژنامەكانی بریتانیا لە زاری دراوسێیەكانی پێشووی خاڵید مەسعود بڵاویان كردەوە خێزانەكەی بە تەواوەتی حیجابی ئیسلامی لەبەر دەكرد و ھەندێ جاریش دەموچاوی دادەپۆشی. ھەندێ جاریش ھێرشكارەكە جلوبەرگی درێژی ئیسلامی لەبەر دەكرد.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو ھێرشكارەكە لە سەر پردی وێست مینستێر لە ناوەڕاستی لەندەن و نزیك لە كاتژمێری بیگبەن و پەرلەمانی بریتانیا بە ئۆتۆمبیل بەسەر خەڵك كەوت و دواتر بە چەقۆیەك ھێرشی كردە سەر پۆلیس و كوشتی، پێش ئەوەی بكوژرێت.

لەم ھێرشەدا پێنج كەس كوژران و 40 دیكەشی برینداربوون و 29یان بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە. 

نۆ كەس بە تۆمەتی پەیوەندی بەم ھێرشە دەستگیركراون