شێخ جەعفەر: گۆڕانكاری بە بەیاننامە و یاداشت ناكرێت

"داواكردنی گۆڕانكاری تەنھا لە یەك دامەزراوە دەچێتە چواچێوەی كێشەی شەخسییەوە"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایدەگەیەنێت، كۆمەڵێك كەس لەناو یەكێتیدا گۆڕانكاریان پێناكرێت، داواكردنی گۆڕانكاری تەنھا لە یەك دامەزراوە دەچێتە چواچێوەی كێشەی شەخسییەوە.

دوای ئەوەی لە 22 ئەم مانگە، ژمارەیەک لە سەرکردەكانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یاداشتێکی ناڕەزاییان سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی حزبەكەیان ئاراستەی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی و مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی كردبوو، تێیدا داوای گۆڕانكاری لەدەستەی کارگێری مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان دەکەن، چەند سەركردەیەكی دیكەی ئەو حزبە لەسەر ئەو یاداشتە ھاتنە دەنگ.

لەوبارەیەوە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەكێتی لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24 دەڵێت: "گۆڕانكاری لەناو یەكێتیدا بە كۆمەڵێك كەس ناكرێت، ئێمە پێویستیمان بە گۆڕانكاری ریشەی و چارەسەری كێشەكان ھەیە".

گوتیشی: "لەو كاتەدا داواكردنی گۆڕانكاری تەنھا لە یەك دامەزراوەی حزب،دەچێتە چوارچێوەی كێشەی شەخسییەوە، ئەوە بە واژوو كۆكردنەوە و یاداشت و بەیاننامە ناكرێت، دەتوانن لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی ئەو بابەتانە باس بكەن".