ترەمپ پاشەكشەی كرد

پرۆژە یاسای ترەمپ بۆ جێگرتنەوەی یاسای ئۆباماكێیر شكستی ھێنا

K24 - ھەولێر

پاش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی وێلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە بەرامبەر دەسەڵاتی دادوەری دوو جار شكستی خوارد، یەكەم شكستیش بەرامبەر دەسەڵاتی یاسادانان تۆماركرا.

پرۆژە یاسای چاودێریی تەندروستیی ترەمپ بۆ جێگرتنەوەی یاسای چاودێریی تەندروستیی (ئۆباماكێیر) شكستی ھێنا و نەیتوانی دەنگی زۆرینەی كۆنگرێس (ئەنجومەنی نوێنەران) بەدەست بێنێت.

ترەمپ لە بانگەشەی ھەڵبژاردن بەڵێنی ھەڵوەشاندنەوی یاسای ئۆباكێیری دا و ھەر لە دوای سوێند خواردنی وەك 45مین سەرۆكی ئەمریكا ھەوڵەكانی بۆ مەبەستە دەستیپێكرد.

پرۆژە یاسای ترەمپ بۆ چاودێریی تەندروستی پێویستی بە 215 دەنگ ھەبوو و پاش ئەوەی نەیتوانی پشتگیری دیموكراتەكان و ھەندێ كۆمارییەكانی ناڕازی بەدەست بێنت، داوای كشانەوەی پرۆژە یاساكەی كرد و بە ھۆیەوە یەكەم شكستی ترەمپ بەرامبەر دەسەڵاتی یاسادانان تۆماركرا.

دیموكراتەكان، پاشەكشەی ترەمپ بە سەركەوتنێك بۆ خەڵكی ئەمریكا دەزانن و نانسی پلۆسی رێبەری دیموكراتەكان لە كۆنگرێس لەم بارەوە دەڵێت "رۆژێكی گەورەیە بۆ ئەمریكا".

دیموكراتەكان پێیان وایە ھەڵوەشاندنەوەی یاسای چاودێریی تەندروستی، بە ملیۆنان كەس لە خزمەتگوزاریی تەندروستی بێبەش دەكات و بایی زیاتر لە 3 تریلیۆن دۆلار لە سیستەمی چاودێریی تەندروستی پشێوی دروست دەكات.