دڵنیایی دەدرێتە خوێندكارانی تواناسازی

"سەرۆكی حكوومەت رەزامەندی دەربڕیووە بۆ تەرخانکردنی بڕی 30 میلۆن دۆلار بۆ خوێندکارانی تواناسازی"

K24 - ھەولێر

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەواوی پایەندییەکانی بەرامبەر بەو زانکۆیانەی کە خوێندکارانی تواناسازی تێیدا دەخوێنن جێبەجێ دەکات و سەرجەم شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج دەکات.

بە گوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە میانی کۆبونەوەیەکی لەگەڵ ژمارەیەک لە زانکۆکانی بەریتانیا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاندووە: "وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ھەوڵەکانی بەردەوامە بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی خوێندکاران".

ئاماژەش بۆ ئەوەكراوە: "وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سوپاسی ئەو زانکۆیانەشی کرد کە لە دۆخی دارایی ھەرێمی کوردستان تێگەیشتن و فشاری زۆریان نەدەخستە سەر خوێندکاران بۆ پێدانی شایستە داراییەکانیان".

وەزیری خوێندنی باڵا ئاشكرای كردووە: "رۆژی 6 ئەم مانگە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رەزامەندی نیشاندا بە تەرخانکردنی بڕی 30 میلۆن دۆلار بۆ خوێندکارانی تواناسازی، بەتایبەت ئەوانەی ئێستا لە پڕۆسەی خوێندندان".