چوار فراكسیۆنی كورد بایكۆتی كۆبوونەوەكەی عەبادی دەكەن

"بایكۆتكردنی فراكسیۆنەكان وەك ھەڵوێستە لەبەرامبەر چەند بڕیارێكی عەبادی دژی ھەرێمی كوردستان"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بڕیارە ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی كوتلەكانی نێو پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە، ھەر یەك لە فراكسیۆنەكانی یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ، بایكۆتی كۆبوونەوەكە دەكەن.

بەختیار شاوەیس پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەك لەسەر داوای حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی كوتلەكانی نێو پەرلەمانی عێراق، ئێمە چوار فراكسیۆنی كورد بڕیارمانداوە بەشداری لەو كۆبوونەوەیە نەكەین".

روونیكردەوە: "ھۆكاری بایكۆت كردنی چوار فراكسیۆنەكە بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێتەوە، یەكەمیان لەماوەی رابردوودا عەبادی تانەی لە ماددەی 8 یاسای بودجەی عێراقی ساڵی 2017 داوە كە پەیوەندی بە مافە داراییەكانی پێشمەرگەوە ھەیە، ئەمەش مانای ئەوەیە كە نایەوێت ئەو ماددە جێبەجێ بكات، چونكە لە خزمەتی پێشمەرگەیە".

گوتیشی: "ھۆكارێكی دیكە مافە داراییەكانی جوتیارانی ھەرێمی كوردستان، لەماوەی رابردوودا كێشەی زۆرمان لەسەری كرد لەنێو پەرلەمانی عێراق، بەداخەوە عەبادی زوڵمێكی زۆری لە جوتیارانی كوردستان كرد، بڕی 17% وەك شایستە داراییەكان بۆ دیاركردن و  جیای كردنەوە لەناوچەكانی دەرەوەی ھەرێمی كوردستان، دواتر لە كۆبوونەوەی پەرلەمان گفتوگۆی زۆرمان لەسەر ئەو بابەتە كرد و پەرلەمان بڕیاریدا بۆ پارەی جوتیارانی ھەرێمی كوردستانیش وەك پارێزگاكانی دیكەی عێراق خەرج بكرێت، بەڵام عەبادی لەوبابەتەشدا یاری دەكات و پارەی جوتیاران خەرج ناكات".

بەختیار شاوەیس راشیگەیاند: "خاڵێكی دیكە كەمكردنەوەی بەشە دەرمانی ھەرێمی كوردستانە، بە نووسراوی عەبادی بەشە دەرمانی ھەرێمی كوردستان كەم بكرێتەوە یان ببڕێت، ئێمە بێدەنگ نابین لەسەر ئەم كارانەی عەبادی، بەشداری نەكردنی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی عەبادی تەنھا ھەڵوێستە".