یارییەکی تۆپی پێ بە ئەنجامی 261-261 کۆتایی هات

یارییەکە 50 کاتژمێری خایاند

K24- هەولێر

یانەیەکی فڕەنسی بەبۆنەی تێپەڕبوونی 50 ساڵ بەسەر ساڵڕۆژی دامەزراندنی بیرۆکەیەکی سەرشێتانەی جێبەجێکرد و بە شێوازێکی سەیر یادی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کردەوە.

یانەی نانسی فڕەنسی کە لە ساڵی 1967 دامەزراوە، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 50 ساڵ بەسەر ساڵڕۆژی دامەزراندنی 50 کاتژمێرلە نێوان دوو تیپی یانەکەیدا یاریی لە یاریگەی خۆی ئەنجام دا و زیاتر لە 28 هەزار یاریزان کە لە یاریزانی بەتەمەن، خاوەن پێداویستی تایبەت و لاو پێکهاتبوون، بەشداریی یارییە ماراتۆنە ئاساکەیان کرد و بۆ ماوەی 50 کاتژمێر نەیانهێشت تۆپ لە یاریگە بوەستێت و هەر 30 خولەک جارێک یارییەک لە نێوان دوو تیپی جیاواز و نوێ دەستیپێدەکردەوە.

جگە لە پیاوان، خانمانیش بەشدارییان لە ماراتۆنەکەدا کرد، گەرچی یانەکەیان پێنج یارییە لە خولی یانەکانی فڕەنسا سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە، بەڵام بەرپرسانی یانەی نانسی توانیان بەم بیرۆکەیان فیستیڤاڵێکی سەرنجڕاکێش بۆ هاندەرانیان ساز بکەن و لە کۆتاییشدا، دوای 50 کاتژمێر یاریکردن هەردوو تیپ بە ئەنجامی 261-261 یەکسانبوون، کە لایەکیان درێسی و سپی و لایەکیان دریسی سووری پۆشیبوو، کە ئاماژەن بۆ هەردوو رەنگەکەی دروشمی یانە فڕەنسییەکە..

.یانەی نانسی هەرگیز نەبووەتە پاڵەوانی خولی یانەکانی فڕەنسا و جارێک جامی فڕەنسای بەدەستهێناوە. یادکردنەوەی پەنجا ساڵەی دامەزراندنیشی لە کاتێکدایە، یانەکە لە پلەی هەژدەمینی لیگ وەن دێت و لە 30 گەڕ 28 خاڵی بەدەستهێناوە.