پەرلەمانی عێراق كوژرانی ھاووڵاتیانی مووسڵ تاوتوێ دەكات

"ھێزەكانی ئەمریكا گۆڕانكاری لە پلانی ھێرشە ئاسمانییەكانیان لە مووسڵ ناكەن"

K24 - ھەولێر

پەیامنێری كوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران، كوژرانی ھاووڵاتیانی سڤیل لە مووسڵ دەخرێتە بەرباس و بۆ ئەم مەبەستەش، ھەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگری و مافی مرۆڤ لە پەرلەمان، راپۆرتیان لەوبارەیەوە ئامادەكردووە.

بڕیاریشە ژمارەیەك بەرپرسی سەربازی و ئەمنی لە دانیشتنەكەی پەرلەماندا ئامادەبن.

بەرپرسێكی ھێزەكانی ئەمریكا ئاشكرای دەكات گۆڕانكاری لە پلانی بۆردوومانە ئاسمانییەكانیان لە مووسڵ ناكەن.

جۆن تۆماس گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ھێزەكانی ئەمریكا رەتیكردەوە، ھیچ نیازێك ھەبێت، بۆ گۆڕانكاری لە پلانی بۆردوومانە ئاسمانییەكان و رایگەیاند: "ژەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتێل، كە فەرماندەی ناوەندی ھێزەكانی ئەمریكایە، كار لەسەر گۆڕینی شێوازی شەڕی ھێزەكانمان لە عێراق ناكات".

تۆماس گوتیشی: "پێداچوونەوە بە نزیكەی 700 دیمەنی ڤیدیۆیی بۆردوومانەكان دەكەین".

بەگوێرەی راپۆرتی چەند میدیایەكی جیھانی، لە بۆردوومانەكەی رۆژی 17 ئەم مانگەی فڕۆكەكانی ھاوپەیمانان لە رۆژئاوای مووسڵ، نزیكەی 200 كەسی سڤیل گیانییان لەدەستداوە كە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.