ئاڵای كوردستان له‌به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی پارێزگا و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك به‌رزده‌كرێته‌وه‌

"رۆژی نیشتیمانیی كه‌ركووكه‌"
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك به‌ فه‌رمی و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ، بڕیاری هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستانی له‌ پارێزگای كه‌ركووك په‌سه‌ندكرد، له‌به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی پارێزگای كه‌ركووك و سه‌ر باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك به‌ ئاماده‌بوونی به‌رپرسان و ژماره‌یه‌ك له‌ خه‌ڵكی پارێزگای كه‌ركووك ئاڵای كوردستان به‌رزده‌كرێته‌وه‌.

له‌ رێوره‌سمێكدا به‌ فه‌رمی ئاڵای كوردستان هاوشانی ئاڵای عێراق له‌ به‌رده‌م پارێزگای كه‌ركووكدا به‌رزده‌كرێته‌وه‌ و ئه‌م رۆژه‌ش وه‌ك رۆژی نیشتیمانی و رۆژێكی مێژوویی بۆ كه‌ركووك و كوردستان ناوبرا.

ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ رێككه‌وتی 28/3/2017 ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك، به‌ ئاماده‌بوون ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی كوتله‌ی كوتله‌ی عه‌ره‌بی و توركمانیی ناو ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، كۆبووه‌وه‌ و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاری له‌سه‌ر هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ و دام و ده‌زگا حكومییه‌كانی پارێزگاكه‌دا.

سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ رێبوار تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك، كورته‌یه‌كی له‌باره‌ی ئاڵای كوردستان  باسكرد و گووتی" ئاڵاكه‌ سیمبولی هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستانه‌ و گوزارشت له‌ قوربانی و نه‌هامه‌تییه‌كانی گه‌لی كوردستانیش ده‌كات".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌م كاره‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور و یاسا نییه‌ و وه‌ك چۆن ئاڵای عێراق گوزارشت له‌ هه‌موو پێكهاته‌كان ده‌كات، ئاڵای كوردستانیش به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌.

پاش بڕیاره‌كه‌ش سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ده‌رباره‌ی بڕیاری هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان گووتی" بڕیارمان له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان له‌ پارێزگای كه‌ركووكدا، هه‌تا ئه‌و  كاته‌ی كێشه‌ی شاره‌كه‌ به‌گوێره‌ی یاسا و ده‌ستوور یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌، ئاڵای كوردستانیش له‌گه‌ڵ ئاڵای عێراقدا به‌رزده‌كرێته‌وه‌ و ئه‌مڕۆ رۆژێكی نیشتمانیی و رۆژێكی مێژووییه‌".

دوای ھەڵكردنی ئاڵا لەسەر باڵەخانەی پارێزگای كەركووك، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك رایگەیاند: "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بڕیاریدا، ئاڵای كوردستان لەگەڵ ئاڵای عێراق لەسەر دامودەزگاكانی كەركووك بەرزبكرێتەوە، ئەمە بڕیارێكی مێژووییە و لەسەر خەڵكی كەركووك دراوە".

پارێزگاری كەركووك گوتیشی: "نابێ ھەر كەس لە خۆیەوە ئاڵا ھەڵبكات، داوا دەكەم ئاڵای كوردستان بەشێوەیەكی رێك و پێك ھەڵبكرێت، قبوڵ ناكەین پرۆسەی ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان ناشیرین بكرێت".