له‌سه‌ر هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركووك سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

"هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە شاری كەركووك كارێكی یاسایی و ئاساییە و بابەتێكی نوێ نییە"

K24 - هه‌ولێر:

ده‌رباره‌ی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان، له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كانی پارێزگای كه‌ركووك، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت:" هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە شاری كەركووك كارێكی یاسایی و ئاساییە و بابەتێكی نوێ نییە، هەروەك چۆن هەڵكردنی ئاڵای عێراقیش لە كەركووك بابەتێكی یاسایی و ئاساییە. هەر لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ساڵی 2003 و بە تایبەتیش دوای هاتنی داعش ئاڵای كوردستان لە كەركووك بوونی هەبووە و هەر ئەو ئاڵایەش كەركووكی لە هەڕەشە و پەلاماری تیرۆریستان پاراستووە".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ كه‌ " پێویست بەوە ناكات ئەم بابەتە زۆر گەورە بكرێت و ببێتە ماددەی ململانێ و لێكترازانی نێوان پێكهاتە و لایەنەكان و هیچ لایەنێكیش نابێ بۆ مەرامی سیاسیی تایبەتی خۆی بەكاری بهێنێت. هەروەكچۆن ئاڵای كوردستان و پێشمەرگە كەركووكیان پاراست،  پێویستە فەرهەنگی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان پێكهاتەكانی كەركووك قووڵتر بكرێت و بپارێزرێت".

ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌

 ڕاگەیێندراوێك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك

هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە شاری كەركووك كارێكی یاسایی و ئاساییە و بابەتێكی نوێ نییە، هەروەكچۆن هەڵكردنی ئاڵای عێراقیش لە كەركووك بابەتێكی یاسایی و ئاساییە. هەر لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ساڵی 2003 و بە تایبەتیش دوای هاتنی داعش ئاڵای كوردستان لە كەركووك بوونی هەبووە و هەر ئەو ئاڵایەش كەركووكی لە هەڕەشە و پەلاماری تیرۆریستان پاراستووە.

بۆیە پێویست بەوە ناكات ئەم بابەتە زۆر گەورە بكرێت و ببێتە ماددەی ململانێ و لێكترازانی نێوان پێكهاتە و لایەنەكان و هیچ لایەنێكیش نابێ بۆ مەرامی سیاسیی تایبەتی خۆی بەكاری بهێنێت. هەروەكچۆن ئاڵای كوردستان و پێشمەرگە كەركووكیان پاراست،  پێویستە فەرهەنگی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان پێكهاتەكانی كەركووك قووڵتر بكرێت و بپارێزرێت.

 سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

29ـی 3ـی 2017