"گۆڕان دانی به‌ شه‌رعییه‌تی بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ناوه‌"

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر: سیاسه‌تی بانێك و دوو هه‌وا به‌سه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر له‌ لیستی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، ره‌خنه‌ی توند له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌گرێت و له‌ وتارێكدا كه‌ ئاراسته‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌ی ده‌كات و په‌یوه‌سته‌ به‌ پرسی ئاڵوگۆڕی پۆسته‌كانی نێوان یه‌كێتی و گۆڕان ده‌نووسێت" گۆڕان .. چـیـتـر شـەقـام چـەواشـە مـەکـە!!".

نیار عوزێری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر له‌ لیستی یه‌كێتی، له‌ به‌شێكی وتاره‌كه‌یدا ده‌رباره‌ی ئه‌و گرفتانه‌ی گۆڕان له‌ پۆسته‌كانی پارێزگای سلێمانیدا دروستیكردووه‌ ده‌ڵێت "بەبیانوی ئەوەی دەست بەکاربوونی دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر وەک پارێزگاری سلێمانی پێویستی بە مەڕسومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە، ئامادە نەبوو قبوڵی مەڕسومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە واژووی بارزانی بکات بۆ دەست بەکاربوونی دکتۆر هەڤاڵ وەک پارێزگاری سلێمانی. به‌ڵام خێرە بزوتنەوەی گۆڕان قبوڵی مەڕسومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی نەبوو بەواژووی بارزانی بۆ پارێزگاری سلێمانی، بەڵام هەمان مەڕسوم بەواژووی هەمان بارزانی قبوڵ بوو بۆ دامەزراندنی سێ بەرێوەبەری گشتی حزبەکەی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی نووسینه‌كه‌یدا له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌پرسێت" گۆڕان بەس نیە بانێک و دوو هەوا؟" و ده‌ڵێت" رەزامەندیی بزوتنەوەی گۆڕان لە سەر دامەزراندنی سێ بەرێوەبەری گشتی حزبەکەی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بە مەڕسومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و بە واژووی بارزانی دانپێدانانی ئەو حزبەیە بە شەرعیەتی بارزانی لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆیە پێویست بەوە ناکات چیتر گۆڕان شەقام چەواشە بکات".