په‌رله‌مانی عێراق بڕیاریدا ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركوك بهێنرێته‌‌ خواره‌وه‌

فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی عێراق كشانه‌وه‌

K24 – هه‌ولێر

په‌رله‌مانی عێراق له‌ دانیشتنی رۆژی شه‌ممه‌ 1 نیسانی 2017 بڕیاریدا ته‌نیا ئاڵای عێراق له‌ كه‌ركوك هه‌ڵبدرێت و ئاڵای كوردستان بهێنرێته‌ خواره‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پرسی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ داموده‌زگا فه‌رمییه‌كانی كه‌ركوك خرایه‌ به‌ر باس و به‌هۆیه‌وه‌ ده‌مه‌قاڵه‌ی نێوان په‌رله‌مانتارانی كورد و سه‌رۆكی په‌رله‌مان سه‌لیم جبوری دروستبوو، به‌ر له‌وه‌ی له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مان بخرێته‌ به‌ر ده‌نگدان و له‌ ئه‌نجامدا فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌ هۆڵی دانیشتنی په‌رله‌مان كشانه‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، پرۆژه‌ بڕیاری توركمانه‌كانی بۆ داگرتنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركووك په‌سه‌ندكردووه‌و بڕیاریدا‌ ته‌نها ئاڵای عێراق له‌ كه‌ركووك هه‌ڵبكرێت.

په‌رله‌مانی عێراق هه‌ر له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆی خۆی بڕیاریدا نابێت چیدیكه‌ كورد مامه‌ڵه‌ به‌ نه‌وتی كه‌ركوكه‌وه‌ بكات.

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك رۆژی 28 ئاداری 2107 به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی بڕیاریدا ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر دامه‌زراو‌ و داموده‌زگا حكومییه‌كانی ئه‌م پارێزگا هه‌ڵبكرێت.

ئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك كاردانه‌وه‌ی جیاوازی لێكه‌وته‌وه‌. سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان پێشوازییان له‌م بڕیاره‌ كرد، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق و لایه‌نه‌ توركمانی و عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركوك و هه‌روه‌ها توركیا له‌ دژی وه‌ستاونه‌ته‌وه‌.