یڵدرم: كه‌ركوك ماڵی توركمانه‌كانه‌

پشتگیری له هه‌ڵوێستی‌ به‌غدا ده‌كات

K24 – هه‌ولێر

سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا بیناڵی یڵدرم رایگه‌یاند له‌باره‌ی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركوك هه‌ڵویستی خۆمان به‌ سه‌رۆك وه‌زیران عێراق حه‌یده‌ر عه‌بادی راگه‌یاند.

یڵدرم له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنی رایگه‌یاند هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركوك هه‌ڵه‌یه‌ و پێشێلكردنی ده‌ستووری عێراقه‌ و كه‌ركوك ماڵی توركمانه‌كانه‌.

گوتیشی سه‌رباری ناڕه‌زایه‌تی عه‌ره‌ب و توركمان، ئه‌وان بڕیاره‌یاندا، ئاماژه‌یه‌كه‌ به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بۆ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ داموده‌زگا فه‌رمییه‌كانی حكومه‌ت له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركوك.

هه‌ر له‌مباره‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا به‌ كه‌ناڵی سی ئێن ئین تورك رایگه‌یاند حكومه‌تی عێراق ئه‌م بڕیاره‌ به‌ فه‌رمی ناناسێت و سه‌پاندنی دیفاكتۆ جێگه‌ی قبوڵكردنی نییه‌ و ئه‌گه‌ر پێویست بكات نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش رۆڵی خۆی ده‌گێڕێت.

سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا بیناڵی یڵدرم په‌یوه‌ندیی به‌ عه‌بادییه‌وه‌ كردووه‌
سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا بیناڵی یڵدرم په‌یوه‌ندیی به‌ عه‌بادییه‌وه‌ كردووه‌

گوتیشی دوێنێ (رۆژی 31 ئاداری 2017) بۆ بۆ ماوه‌ی 45 خوله‌ك به‌ ته‌له‌فۆن له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق حه‌یده‌ر عه‌بادی قسه‌م كرد و له‌باره‌ی هه‌ڵكردنی ئاڵا هه‌ڵوێستی خۆمان راگه‌یاند و ئه‌وه‌ی كه‌ كراوه‌ قبوڵی ناكه‌ین.

هه‌ر له‌باره‌ی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركوك په‌رله‌مانتارێكی ده‌ركراوی پارتی ره‌گه‌زپه‌ره‌ستی مه‌هه‌په‌ داوای خۆپیشاندنی ملیۆنی له‌ ئه‌نقه‌ره‌ كرد و گوتی كه‌ركوك توركه‌، توركیشی ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌ژاد په‌رستی بێت، من نژاد په‌ره‌ستم.

رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو په‌رله‌مانی عێراق سه‌رباری بایكۆتی فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان، بڕیاری داگرتنی ئاڵای كوردستانی له‌ كه‌ركوكدا.

په‌رله‌مانی عێراق بڕیاریدا ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركوك دابگرێت
په‌رله‌مانی عێراق بڕیاریدا ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركوك دابگرێت

په‌رله‌مانی عێراق پرۆژه‌ بڕیاری توركمانه‌كانی بۆ داگرتنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركووك په‌سه‌ندكرد و بڕیاریدا‌ ته‌نها ئاڵای عێراق له‌ كه‌ركووك هه‌ڵبكرێت.

په‌رله‌مانی عێراق هه‌ر له‌و‌ دانیشتنه‌دا بڕیاریدا نابێت چیدیكه‌ كورد مامه‌ڵه‌ به‌ نه‌وتی كه‌ركوكه‌وه‌ بكات.

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك رۆژی 28 ئاداری 2107 به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی بڕیاریدا ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر دامه‌زراو‌ و داموده‌زگا حكومییه‌كانی ئه‌م پارێزگا هه‌ڵبكرێت.

ئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك كاردانه‌وه‌ی جیاوازی لێكه‌وته‌وه‌. سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان پێشوازییان له‌م بڕیاره‌ كرد، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق و لایه‌نه‌ توركمانی و عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركوك و هه‌روه‌ها توركیا له‌ دژی وه‌ستاونه‌ته‌وه‌.

هه‌ر پاش بڕیاری په‌رله‌مانی عێراق، رێبوار تاڵه‌بانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌ وه‌كاله‌ت له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاند پابه‌ندی بڕیاره‌كه‌ی  په‌رله‌مانی عێراق نابین  و جێبه‌جێشی ناكه‌ین.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا نزیكه‌ی 2 ملیۆن سووننه‌ له سایه‌ی ئاڵای كوردستان حه‌ساونه‌ته‌وه‌.