چاڤی: ته‌نیا یه‌ك یاریزان هه‌یه كه شێوازی یاریكردنی له من نزیكه
چاڤی هێرناندێز، كاپتنی پێشووی یانه‌ی بارسێلۆنا له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا، هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات كه ته‌نیا یه‌ك یاریزان هه‌یه شێوازی یاریكردنی له من نزیكه، ئه‌ویش له ده‌ره‌وه‌ی بارسێلۆنایه.
چاڤی هێرناندێز له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ پێگه‌ی Le Parisienـی فه‌رنسی، جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه ماركۆ ڤیراتی ناوه‌ڕاستكاری ئیتاڵی یانه‌ی پاریس سانجێرمان شێوازی یاریكردنی له ئه‌و نزیكه، ده‌شڵێت: بارسێلۆنا زۆر پێویستی به ڤیراتی ـیه، چونكه ئه‌و یاریزانه ده‌توانێت له زۆر شوێنی یاریگه یاری بكات، پێموایه ده‌توانێت به باشی هه‌نگاوه‌كانی من و ئینیێستا هه‌ڵبگرێت.
چاڤی گوتیشی: زۆر خۆشحاڵ ده‌بم كه ڤیراتی ته‌مه‌ن 24 ساڵ له بارسێلۆنا ببینم، چونكه ئه‌و یاریزانه له‌ڕووی ته‌كتیك و كۆنترۆڵكردنی تۆپ و فشاركردن بۆ سه‌رتیپی به‌رامبه‌ر زۆر نایابه.
چاڤی ته‌مه‌ن 37 ساڵ، زیاتر له 24 ساڵی له‌سه‌رجه‌م ئاسته‌كانی بارسێلۆنا تێپه‌ڕ كرد، دواتر له هاوینی 2015 له‌سه‌ر ئامۆژگاری و رێنمایی گواردیۆلا روویكرده یانه‌ی سه‌دی قه‌ته‌ری.