هه‌ده‌په‌: هه‌ڵوێستی ئه‌ردۆغان به‌رامبه‌ر ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركووك ره‌تده‌كاته‌وه‌

عوسمان بایده‌میر لێدوانی ئه‌ردۆغان به‌رامبه‌ر كه‌ركووك به‌ دوژمنایه‌تیكردنی گه‌لی كورد ده‌زانێت
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر

گوته‌بێژی پارتی دیموكراتیكی گه‌لان ـ هه‌ده‌په‌ رایگه‌یاند‌ ھەڵوێستی ئەردۆغان به‌رامبه‌ر ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك،  دوژمنایەتیكردنی گه‌لی كورده‌.

په‌رله‌مانتار عوسمان بایدەمیر لە ھەڵمەتی پڕوپاگەندەی ریفراندۆم لە شارۆچكەی چناری سەر بە ئامه‌د ره‌خنه‌ی لە سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان گرت و رایگه‌یاند قسه‌كانی ئه‌ردۆغان له‌باره‌ی كورده‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی یه‌كترن، پێشتر كوردی به‌ برای خۆی ناوبرد و ئێستاش دژی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستانه‌ له‌ كه‌ركووك.

سه‌رۆك كۆماری توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ دوایین هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركووك رایگه‌یاند كه‌ركووك شارێكی توركمانییه‌ و پشتگیریی خۆیشی بۆ بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بۆ داگرتنی ئاڵای كوردستان ده‌ربڕی.