"په‌نابه‌رانی سووری ده‌توانن خێزانه‌كانیان ببه‌نه ئه‌ڵمانیا"
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌ڵمانی، رۆژی 5/4/2017 بڵاویكردووه‌ته‌وه" نزیكه‌ی 270 هه‌زار په‌نابه‌ری سووری كه له ئه‌ڵمانیان، مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه، ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیان بهێنن بۆلای خۆیان"، ئه‌مه‌ش ئه‌و ژماره‌یه كه مشتومڕێكی زۆری ده‌رباره‌ی كۆچ و په‌نابه‌ریی له‌و وڵاته هێناوه‌ته ئاراوه، له كاتێكدایه كه‌متر له 6 مانگ ماوه بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی گشتیی".
رۆژنامه‌ی "بێڵد"ـی ئه‌ڵمانی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی حكومه‌تی ولاته‌كه‌ی ده‌ستكه‌وتووه و زانیاری ئه‌وه‌ی تێدایه كه "431377" په‌نابه‌ری سووریی، له ساڵانی 2015 و 2016 دا داوای مافی په‌نابه‌رێتییان له ئه‌ڵمانیا كردووه و 267500 په‌نابه‌ریان كه مافی مانه‌وه‌یان له‌و وڵاته پێدراوه، ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیان له‌گه‌ڵدا نییه".
ساڵی 2016 حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا بڕیاریدا، ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه "پاراستنی لاوه‌كی" ده‌یانگرێته‌وه، تا دوو ساڵ ناتوانن ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیان بهێنن. چونكه حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا پێی وابووه، ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی به ته‌نها خۆیان هاتوون، ناتوانرێت به تاكه‌كه‌سی حیسابی ئه‌وه‌یان بۆبكرێت كه له سووریا به ته‌نها ئه‌وان دووچاری زوڵم و چه‌وساندنه‌وه و ئه‌شكه‌نجه بوون، له كاتێكدا دانیشتوانی ئه‌و وڵاته زۆرینه‌یان له‌و ره‌وشه خراپه‌دا ده‌ژین".
سوورییه‌كان به رێژه‌یه‌كی زۆر داوای مافی په‌نابه‌رێتییان له ئه‌ڵمانیا كردووه، زۆرینه‌شیان مافی "پاراستنی لاوه‌كییان" پێدراوه نه‌ك ئه‌وه‌ی وه‌ك په‌نابه‌رێكی ماف پێدراو ئه‌ژماركرابن، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه ته‌نها ده‌توانن ماوه‌ی دوو ساڵ له‌و وڵاته‌دا بمێننه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ری نوێكردنه‌وه‌شی دوورنییه".
به‌ڵام پارته به‌شداره‌كانی ناو هاوپه‌یمانیی فه‌رمانڕه‌وای ئه‌و وڵاته كه پارتی دیموكراتی مه‌سیحی(پارته‌كه‌ی مێركڵ) و پارتی یه‌كێتی كۆمه‌ڵگای مه‌سیحی و پارتی دیموكراتی سۆشیالیست، هه‌فته‌ی رابردوو بڕیاریاندا" بۆ هێنانی خێزانه‌كانیان، به‌گوێره‌ی ره‌وشی تایبه‌تی و نه‌هامه‌تییه‌كانی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی ته‌نها ماوه‌ی دووساڵ مانه‌وه‌یان پێدراوه، رێگه به هێنانی ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیان بدرێت".