چیرۆكی خێزانێكی رووسی.. له‌ ته‌بقه‌ و ره‌ققه‌ی داعشه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر

خێزانێكی داعش له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێت
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

لە دوای راگەیاندنی خەلافەتەکەی داعشەوە بە هەزاران هاووڵاتی رووسی چوونە نێو داعش، هەندێک لەو هاووڵاتیانە کوژراون و هەندێکی دیکەشیان تا ئێستا لە نێو ڕێکخراوەکەن. کوردستان بیست و چوار بۆ یەکەمجار چیرۆکی خێزانێکی رووسی بڵاودەکاتەوە کە چوونەتە نێو داعش و دواتر پەشیمان بوونەتەوە و لەسەر داوای کونسوڵخانەی رووسیا و بە هاوکاری هێزەکانی دژەتیرۆری سەربە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان.

ئەم ژن و پیاوە رووسییە، به‌ناوه‌كانی دیمیتری میخایلۆڤیچ و ناتالی نیکۆلای، دوو چەکداری ڕێکخراوی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش بوون، ئەوان نزیکەی سێ هەزار کیلۆمەتر لە وڵاتەکەی خۆیان دوورکەوتوونەتەوە تا تێکەڵ بە ڕێکخراوێك کە جگە لەخۆی, کەسی دی قبووڵ ناکا.

به‌ره‌و ره‌ققه‌

ديميترى ده‌ڵێت: "من شەش ساڵ لەمەوبەر بوومە موسوڵمان، موسوڵمانێتی لە مۆسکۆ زۆر جوان بوو، دواتر بەر لە سێ ساڵ ویستم بچم بۆ ئەورووپا, بەڵام هاوڕێیەکم پێشنیاری ئەوەی بۆ کردم بچمە سووریا و منیش ئەوەم پێباش بوو, چونکە ئەوێ خاکی خەلافەتە ئیدی چوومە ئیستانبول و لەوێ بۆ ئورفە و لە ئورفەش بۆ رەققە، ڕۆژێکیان لەگەڵ هاوڕێیەکم چوومە تەبقە, لەوێ لە ماڵێک بووین، دوای تۆزێک ماڵەکە بۆردومان کرا ئیدی من بە سەختی برینداربووم و لە ئەنجامدا دەستێکم لەکارکەوت".

دیمیتری کە بە ئەبو عومەر رووسی ناسرابوو لە نێو داعشدا چیرۆکەکەی بە برینداربوونی کۆتایی نایەت بەڵکو هەر لەگەڵ برینداربوون قۆناغێکی نوێی ژیانی دەستپێدەکا کە ئەویش هاتنە بۆ عێراق.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "لە سووریا چارەسەرم بۆ نەدەکرا بۆیە هاتمە مووسڵ و ماوەیەک لە مووسڵ تیمارکرام و دواتر بەرەو تەلەعفەر رۆیشتم لەوێ هەستم بە پەشیمانی کرد و ویستم واز لە داعش بهێنم بۆیە پەیوەندیم بە باڵیۆزخانەی رووسیا لە بەغداوە کرد و ئەوانیش پەیوەندیان بە کونسوڵخانەی رووسیا لە هەولێرەوە کرد و کونسوڵخانەش داوای لە هەرێمی کوردستان کرد ڕێگایەکمان بۆ بدۆزێتەوە، ئەوەبوو لەڕێگەی کوردەکانەوە ڕزگارمان بوو، ئەوان زۆر ڕێزی ئێمەیان گرت، سەرەتا خواردن و ئاویان داینێ، تەنانەت لە تەلەعفەریش باسی میهرەبانی کوردیان دەکرد و دەیانگوت مامەڵەیان لەگەڵ ئەو کەسانەی خۆیان رادەستدەکەنەوە زۆر باشە و لەراستیشدا وابوو".

 

 

درۆیان له‌گه‌ڵ كردوون

ئەم خێزانە, کە لایەن هێزەکانی دژە تیرۆری کوردستانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون, پێکهاتوون لە چوارکەس ئەوان کوڕێکیان بە ناوی عومەر و کچێکیشیان بە ناوی ئیلینا هەیە’ ناتالی کە نازناوی عائیشەیان لێناوە, باس لە پەشیمانی خۆیدەکات و دەڵێ: "لەوێ چەکدارەکان و خەڵکیش درۆیان لەگەڵ دەکردین ولەگەڵمان راستگۆ نەبوون و زۆر خراپ مامەڵەیان لەگەڵ دەکردین، نەیاندەهێشت لە ماڵ بچمە دەرەوە، منداڵەکانم لە فێربوون و ژیانێکی ئاسایی بێبەش بوون، ئێمە هەر ڕۆژەی لە ماڵێک بووین، ئەگەر ئەمجارە ئازادبم بە هیچ شێوەیەک ئەم هەڵەیە دووبارە ناکەمەوە و هەموو کاتم بۆ منداڵەکانم تەرخان دەکەم، بەڕاستی ئێمە هەڵە بووین، بڕیارم داوە ببمەوە بەو موسوڵمانەی کە پێشتر لە مۆسکۆ باوەڕم پێی هەبوو، داواکارم هەموو چەکدارانی داعش ئەو ڕێکخراوە جێبهێڵن, چونکە داعش ڕێگایەکی هەڵەی گرتووە".

په‌شیمانی

ئەم خێزانە دوای ئەوەی لەلایەن ھێزەكانی دژە تیرۆری كوردستانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان گەیشتنە خاكی كوردستان ئێستا لە شوێنێكی پارێزراودان و ئامادەكاری بۆ رادەستكردنەوەیان بە رووسیا دەكرێ.

ئێستا دیمیتری و ناتالی چاوەڕوانی منداڵێکی دیکە دەکەن و بڕیارە کەسێکی دیکەش بۆ خێزانەکەیان زیادبێ، ئەوان نەیاندەزانی ئەو منداڵەیان لە کوێ لەدایکدەبێ و ناوی چی دەبێ بەڵام ئەوەی ناتالی و دیمیتری لەسەری کۆک بوون ئەوەبوو کە ڕێگەنادەن ئەویش هاوشیوەی عومەر و ئیلینا منداڵی خۆی لەڕێگای خەلافەتەکەی بەغدادی لەدەستبدات.