شاهێدحاڵه‌كان: بنكه‌ى ئاسمانى شه‌عيرات به‌ ته‌واوى وێران بووه‌

فڕۆكه‌خانه‌كه‌ و هه‌موو ئه‌و فڕۆكه‌ و كه‌رستانه‌ى تێيدا بوونه‌ به‌ ته‌واوى وێران بوونه‌.

K24 – هه‌ولێر:

يه‌كێك له‌ كارمه‌ندانى بنكه‌ى ئاسمانى شه‌عيراتى پارێزگاى حمسى سووريا رايگه‌ياند، فڕۆكه‌خانه‌كه‌ و هه‌موو ئه‌و فڕۆكه‌ و كه‌رستانه‌ى تێيدا بوونه‌ به‌ ته‌واوى وێران بوونه‌.

ئاژانسى هه‌واڵده‌رى نۆڤۆستى بڵاويكرده‌وه‌، هه‌موو فڕۆكه‌كانى بنكه‌ ئاسمانييه‌كه‌ تێكشكاوون.

له‌و باره‌يه‌وه‌ ئاژانسى هه‌واڵده‌رى ساناى سووريا بڵاويكرده‌وه‌، به‌ هۆى هێرشه‌ مووشه‌كييه‌كه‌ى ئه‌مريكاوه‌ ئاگر له‌ بنكه‌ ئاسمانييه‌كه‌ كه‌وتووه‌ته‌وه‌ و تيمه‌كانى فرياكه‌وتن سه‌رقاڵى هه‌وڵه‌كانيانن بۆ كوژاندنه‌وه‌ى ئاگره‌كه‌.

ته‌ڵاڵ ئه‌لبرازى، پارێزگارى حمس رايگه‌ياند، ئه‌و بنكه‌ ئاسمانييه‌ رۆڵێكى گه‌وره‌ى هه‌بوو له‌ شه‌ڕى دژى داعش و به‌ هۆى هێرشى ئه‌مريكاوه‌ زيانێكى زۆرى به‌ركه‌وتووه‌.

ئه‌و پارێزگاره‌ راشيگه‌ياندووه‌، به‌ ئامانجگرتنى ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌يه‌ خزمه‌تى ئامانجه‌كانى تيرۆر و داعش ده‌كات و سوپاى سووريا  له‌ به‌رامبه‌ر داعش لاواز ده‌كات.