قاسم سولەیمانی بۆ ناوبژیوانی سەركردەكانی یەكێتی دەگاتە سلێمانی

"لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ و مەلا بەختیار و ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد كۆدەبێتەوە"

K24 - سلێمانی

جارێكی دیكە قاسم سولەیمانی فەرماندەی ھێزی قودسی سەر بە پاسدارانی ئێران بۆ ناوبژیوانی سەركردەكانی یەكێتی دەگاتە سلێمانی و بڕیارە لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ و مەلا بەختیار و ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد كۆببێتەوە.

سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "قاسم سولەیمانی بۆ چارەسەری كێشەكانی ناوخۆیی یەكێتی و ناوبژیوانیكردنی سەركردەكانی یەكێتی، ئێستا لە سلێمانییە و بڕیارە لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ و ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد و مەلا بەختیار كۆببێتەوە".

سەرچاوەكە گوتیشی: "تا ئێستا كاتی كۆبوونەوەی قاسم سولەیمانی لەگەڵ سەركردەكانی یەكێتی دیار نەكراوە، لەم كۆبوونەوەیەدا ھەوڵی ئاشتكردنەوەی سەركردەكانی یەكێتی بەتایبەتی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد و مەلا بەختیار دەدرێت".

بە گوێرەی زانیاری پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی: "ھەر لە كۆبوونەوەكەی قاسم سولەیمانی لەگەڵ سەركردەكانی یەكێتی، باس لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ھەرێمی كوردستان و ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر دامودەزگاكانی كەركووك دەكرێت".

ئەمە لە كاتێكدایە، لە دوایین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بڕیاردرا لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی كۆسرەت رەسوڵ پێك بھێندرێت و ئەو سەركردانە سزا بدرێن كە پابەندی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی نەبوونە، ئەمەش كاردانەوەی چەند سەركردەیەكی ئەو حزبەی لێكەوتەوە.

 پێشتر قاسم سولەیمانی چەندین جار بە نوێنەرایەتی ئێران بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی لەگەڵ سەركردەكانی ئەو حزبە كۆبووەتەوە، ئەمجارەش دەیەوێت ھەوڵێكی دیكەی وڵاتەكەی بۆ چارەسەری كێشەكانی ناوخۆیی یەكێتی بخاتەگەڕ.