نێچیرڤان بارزانى ته‌قینه‌وه‌كانى میسر سه‌ركۆنه ده‌كات
K24 – هه‌ولێر
نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به شه‌رمه‌زاركردنی ته‌قینه‌وه‌كانی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردووی میسر داوای گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی توند به‌رامبه‌ر تیرۆریستان و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی زیاتری كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌كات.
سه‌رۆكی حكومه‌ت له په‌یامێكدا هه‌ردوو ته‌قینه‌وه‌ی كه‌نیسه‌كانی شاری ته‌نتا و ئه‌سكه‌نده‌رییه له میسر شه‌رمه‌زار ده‌كات و هاوخه‌می خۆیشی له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری قوربانیان و حكومه‌تی میسر و خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌رده‌بڕیت.
به‌هۆی هه‌ردوو ته‌قینه‌وه‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو له دوو كه‌نیسه‌ی میسر ده‌یان قوربانی لێكه‌وته‌وه و رێكخراوی داعش به‌رپرسیارێتی خۆی له‌م ته‌قینه‌وه راگه‌یاند و به فه‌رمانی عه‌بدولفه‌تاح سيسى سه‌رۆكى ميسر، هێزێكی زۆری ئه‌منی و سه‌ربازی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی میسر بڵاوه پێكرا و بۆ ماوه‌ی سێ مانگی باری نائاسایی راگه‌یه‌نرا.
له به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌دا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌ریمی كوردستان باس له ئێش و ئازاری گه‌لی كوردستان به‌ده‌ست تیرۆر و تیرۆریستان ده‌كات و ده‌ڵێت "له ئێش و ئازاره‌كانى خانه‌واده‌ى قوربانییان و گه‌ل و حكوومه‌تى میسر تێده‌گات و پشتگیرى و هاوسۆزیی خۆى له‌گه‌ڵیان دووپات ده‌كاته‌وه".
نێچیرڤان بارزانی هه‌ر له كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت "دووباره‌بوونه‌وه‌ى به‌رده‌وام و فراوانبوونى قه‌باره‌ى كاره تیرۆرستییه‌كان له شوێنه جیاكانى جیهان، نیشانه‌یه‌كى مه‌ترسیدار و زه‌نگێكى ئاگاداركردنه‌وه‌یه كه ده‌بێ ڕێكارى گه‌وره‌تر و توندتر به‌رامبه‌ر تیرۆر و تیرۆرستان له هه‌موو شوێنێك بگیرێته به‌ر" و داوای هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى زیاتری كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌كات.