تره‌مپ به‌هۆی ئه‌م دوو وێنه‌وه سووریای بۆمبارانكرد
K24 - هه‌ولێر:
میدیاكانی ئه‌مریكا، بڵاویانكرده‌وه، دوو وێنه‌ی قوربانیانی هێرشه كیمیاییه‌كه‌ی سووریا له ناوچه‌ی خان شێخون، له شاری ئه‌دلب، هۆكاری سه‌ره‌كی مووشه‌كبارانكردنی فڕۆكه‌خانه‌ی شعێرات بووه له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه.
رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆستی ئه‌مریكا له‌وباره‌یه‌وه بڵاویكردووه‌ته‌وه" كاتێك دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌و دوو دیمه‌نه‌ی بینیوه، بڕیاریداوه 59 مووشه‌كی تۆماهۆك، بنرێت به‌و فڕۆكه‌خانه‌وه كه فڕۆكه‌كان لێیه‌وه هه‌ستاون و ئه‌و ناوچه‌یان بۆردوومانكردووه و به‌هۆی گازی"سارین" 100 كه‌س كه به‌شێكیان منداڵبوون مردن و 400 كه‌سی دیكه‌ش به‌ركه‌تبوون".
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رۆژنامه‌كه، یه‌كێك له وێنه‌كان هی ئه‌و منداڵه بووه كه ئاوی پێداده‌كه‌ن و ئه‌ویش خه‌ریكه ده‌خنكێت و به هه‌ناسه‌سواری له دواساته‌كانی ژیانی نزیكبووه‌ته‌وه".
وێنه‌ی دووه‌میش، هی عه‌بدولحه‌مید یوسف بووه، كه به‌هۆی كیمیابارانه‌كه‌وه 25 كه‌سی خێزانه‌كه‌ی له‌ده‌ستداوه و له دیمه‌نێكدا هه‌ر دوو كۆرپه دووانه"جمك"ـه‌كه‌ی له باوه‌شدایه و به‌ره‌و گۆڕستانیان ده‌بات.